ترەمپ لەبەردەم لایەنگرانی : خۆمان نادەین بە دەستەوە

  2021-01-06  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دۆناڵد ترەمپ لە وتەیەکی تەلەفزیۆنیدا بۆ لایەنگرانی جەختیکردەوە، بە هیچ شێوەیەک خۆیان نادەن بە دەستەوە و کاری دزینی هەڵبژاردنەکان ڕادەگرن.

ترەمپ لە میانی خۆپیشاندانێکی لایەنگرانی لە واشنتۆنی پایتەخت جارێکی تر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕەتکردەوە، بەڵام جگە لە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکا، هیچ میدیایەکی ئەمریکا وتەکانی ترەمپی نەگواستەوە، لە پای ئەوەش ترەمپ ڕایگەیاند، ڕاگەیاندنی چەواشە گەورەترین کێشەی ئەوانە.

لە وتەکانیدا ترەمپ ستایش و سوپاسی لایەنگرانی کرد و پێی ڕاگەیاندن، مایە شەرەفیکی گەورەیە کە کۆبوونەوەی ئەو هەموو خەڵکەی ئەمریکا دەبینێت ، کە هاتوون بۆ دەربڕینی رای خۆیان، ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵبژاردنەکان پاک و بێگەرد نەبوون.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆکی ئەمریکا وتی "ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنانە لە لایەن چەپی سوسیالیستییەوە و میدیای چەواشەوە دزراوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک خۆ بە دەستەوە نادەن و دەستبەرداری مافی خۆیان نابن".

جەختیشیکردەوە، پێویست لەسەر مایک پێنس ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕابگرێت.

ئەو وتانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا کۆبوونەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت بۆ پەسەندکردنی سەرکەوتنی دیموکراتەکان و جۆ بایدن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا.

ئەو کۆبوونەوەی ترەمپ لەگەڵ لایەنگرانی لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ  ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکا بڵاویکردەوە، مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئاگادارکردووەتەوە، کە ناتوانرێت بە هیچ شێوەیەک ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بگۆڕێت، کاتێک کۆنگرێس پەسەندی دەکات.



ڕیکلام