بەریتانیا سێهەمین جۆری ڤاكسینی بۆ بەكارهێنان پەسەند كرد

  2021-01-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەریتانیا ڤاكسینی كۆمپانیای مۆدێرنای لە دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا پەسەند كرد و ئەوەش سێهەمین جۆری ڤاكسینە ئەو وڵاتە بۆ بەكارهێنان پەسەندی دەكات.

ڤاكسینی مۆدێرنا سێهەمین ڤاكسینە كە بەریتانیا پەسەندی دەكات بۆ بەكارهێنان لە وڵاتەكەیدا، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەرهەمهێنانی ئەو كۆمپانیایە لە ئێستادا فراوان نیە كڕینی هەردوو  ڤاكسینەكەی دیكە بەردەوام دەبێت. 

ڤاكسینەكەی كۆمپانیای مۆدێرنا رێژەی سەركەوتنی 94% ئەوەش رێژەیەكی بەرچاوە لە سەركەوتنی ڤاسیندا كە ڤاكسینەكەی فایزەر 95%ی سەركەوتنی هێنابوو. 

حكومەتی بەریتانی ئەمڕۆ رایگەیاند كە جگە لەو حەوت ملیۆن ڤاكسینەی پێشتر لە فایزەریان كڕیوە 10 ملیۆنی دیكەشیان كڕیوە بەهۆی ئەوەی ڤاكسینی پێویست لە ئێستادا بەردەست نابێت لەلایەن كۆمپانیای مۆدێرنا بۆیە كڕینی ئەو بڕەی ڤاكسینەیان زیادكردووە لە كۆمپانیا ئەمریكیەكە. 

ڤاكسینی مۆدێرنا كە سێهەمین ڤاكسینە رێپێدانی پێدراوە لە دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتەدا بەكار بهێندرێت، ئەوەش دوای ئەوە دێت كە هەریەكە لە ڤاكسینەكانی (Pfizer/BioNTech وOxford/AstraZeneca)ی پەسەند كردبوو. 

بۆریس جۆنسۆن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ئاشكرایكردووە نزیكەی 1.5 ملیۆن بەریتانی یەكەم دۆزی كوتانیان تا ئێستا پێگەیشتووە، هاوكات ناوەندی pm رایگەیاند كە خەڵك پێویست ناكات زیاتر لە 10 میل ببڕن بۆ ئەوەی خۆیان بكوتن. 

مات هانكۆك، وەزیری تەندروستی بەریتانیا رایگەیاند: ئێمە ئەوانەی كە مەترسیان لەسەر هەیە لەكۆرۆنا زیاتر دەپارێزین و داوا لە هەموو كەسێك دەكەم بەردەوام بن لە پەیڕەوكردنی یاساكان بۆ ئەوەی كەیسەكان كەم بێت بۆ پاراستنی خۆشەویستانمان. 

وەزیری تەندروستی بەریتانیا راشیگەیاند، لە بەهاردا كە ڤاكسینی مۆدێرنا بە شێوەیەكی فراوان بەرهەمدێت، رێژەی كوتان بەرز دەكەینەوە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی بەرهەمهێنانی ڤاكسینەكە فراوان نیە بۆیە بەشێوەیەكی سنوردار دەتوانین كوتان ئەنجام بدەین. 

ڤاكسینەكەی مۆدێڕنا مامەڵەكردن لەگەڵیدا بەراورد بە ڤاكسینەكەی (فایزەر) ئاسانترە كە دەتواندرێت لە 70 پلەی گەرمیدا هەڵبگیرێت، دەریشكەوتووە تا 30 ڕۆژ لە ساردكەرەوەكانی ناو ماڵدا دەتواندرێت بمێنێتەوە. 



ڕیکلام