دوای ترەمپ تویتەر هەژمارەکەی ڕابەری باڵای ئێرانیشی راگرت

  2021-01-09  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ماڵپەڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە دوێنێوە هەژمارەکەی عەلی خامنەئی، ڕابەری باڵای ئیرانی ڕاگرتووە، چونکە زانیاری هەڵەی تێدا بووە سەبارەت بە ڤاکسینەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

سەرچاوەیەکی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، لابردنی تویتەکە، پێشێلکردنی پێوەرەکانی بنەماکانی ئەو ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییە بووە، چونکە زانیاری هەڵەی بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە لەسەر خامنەئی تویتەکەی لابدات، بۆ ئەوەی بتوانێت جارێکی تر هەژمارەکەی بەکاربهێنێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر خامنەئی لە تویتێکدا ڕایگەیاندبوو وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک ڤاکسینەکانی ئەمریکا و بەریتانیا هاوردە ناکات بە بیانووی ئەوەی جێی دڵنیایی نییە.

خامنەئی دەربارەی ڤاکسینی کۆرۆنا ووتبووی "هاوردەکردنی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا و بەریتانیا قەدەغەیە، چونکە بە هیچ شێوەیەک متمانەیان پێ ناکەن، بەدووریش نازانرێت بیانەوێت زیان بە گەلانی دیکە بگەیەنن".

خامنەئی ئاماژەی بەوەشکردبوو، بەلەبەرچاوگرتنی پسپۆڕیان لەگەڵ ئەو خوێنە پیسکراوەی فەڕەنسا بە نەخۆشی ئایدز، ئەوا ڤاکسینە فەڕەنسییەکان جێی متمانە نییە لای ئەوان.

ڕاگرتنی هەژماری تویتەرەکەی  ڕابەری باڵای ئێران لە کاتێکدایە، دوێنێش بە هەمان شێوە ئەو ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییە، هەژمارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای ڕاگرت، بەتۆمەتی هاندان بە توندوتیژی و ئاژاوە نانەوە.



ڕیکلام