ئیندۆنیزیا.. چارەنوسی ئەو فڕۆکەیەی دیارنەمابوو ئاشکراکرا

  2021-01-09  | 
ئیندۆنیزیا
چارەنوسی ئەو فڕۆکەیەی لە ئیندۆنیزیا دیارنەمابوو ئاشکراکرا
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی گواستنەوەی ئیندۆنیزیا رایگەیاند، فڕۆکە نەفەر هەڵگرەکەی وڵاتەکەیان کەوتووەتە ناو دەریای جاوەوە و تێکشکاوە.

ئەمڕۆ شەممە ٩ی١ی٢٠٢١، فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی سرویایای ئیندۆنیزیا لە جۆری بۆئینگ 737، بە 62 سەرنشینەوە کەوتەناو دەریاوە. فڕۆکەکە لە جاکارتای پایتەختی ئەو وڵاتەوە بەڕێکەوتبوو بۆ شاری پۆنتیاناکی هەمان وڵات.

بەگوێرەی دامەزراوەی چاودێریکردنی جموجوڵی فڕۆکەوانیی فلایت رادار 24، فڕۆکەکە چوار خولەک دوای هەڵفڕینی، لەکاتی دەربازبوونی بەسەر دەریای جاوەدا، لە هەر خولەکێکدا 10 هەزار پێ نزمبووەتەوە.

بودی کاریاسومادی وەزیری گواستنەوەی ئیندۆنیزیا ئاشکرایکرد، لەو 62 کەسە 10 کەسیان منداڵ بوون و گومانیش دەکرێت شوێنی تێکشکانی فڕۆکەکە نزیک دوورگەیەکی گەشتیاری بووبێت لە نزیک پایتەختی ئیندۆنیزیا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئاژانسی گەڕان و رزگارکردنی ئیندۆنیزیا لەگەڵ کۆمیسیۆنی سەلامەتیی گواستنەوەی نیشتیمانی ئەو وڵاتە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن و لەئێستادا تیمەکانیان و بەلەمەکانیان لە گەڕان بەردەوامن.

وەزیری گواستنەوەی ئیندۆنیزیا راشیگەیاند، ئاژانسی گەڕان و فریاگوزاری نیشتیمانی ئیندۆنیزیا چەند پارچەیەکی فڕۆکەیەکی تێکشاویان لە باکوری رۆژئاوای جاکارتای پایتەخت دۆزیوەتەوە.

تاوەکو ئێستا هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە ئاشکرانەکراوە.



ڕیکلام