لەبارەی قڵخ و هووڕ و ئحم ئحمەوە

  2021-01-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
(چارەنووسی دەنگ لە دنیای مۆدێرندا)

ڕێبوار سیوەیلی

١. لەمێژە گوێم لە ھیچیان نەبووە، لەکاتێکدا جاران ھەندێ شوێنی تایبەت، پڕبوون لە قڵخ و ھووڕ و ئحم ئحم.. من لە تەمەنی خۆمدا ھەم لەسەر شەقامی گشتی، لەودیو پەنجەرەی ئۆتۆمبێل، لە پۆلی خوێندن و ھەمیش لە دیوەخاندا، گوێم لە قڵخ و ھووڕ و بەدواشیدا فڕێدانی (بەڵغەمی ێەیی)بووە، ئەمە لە کاتێکدا بەزۆری لە پشت دەرگای ئاودەستی مزگەوتەکانەوە گوێبیستی ئحم ئحم بووم و پاشتریش لە مەجلیس و دانیشتنەکاندا ئەوەم گوێ لێبووە.
٢. تا ئەم دواییانەش، ھیچ نائاسایی نەبوو تۆ لە ھەر شوێنی بتەوێت قڵخ و ھووڕ بکەیت و بەڵغەمێک فڕێدەیت. ئێستە چۆن فڕێدانی قنچکە جگەرە لەسەر شەقام و حەوشە و شوێنە گشتییەکان، یان لە جامی ئۆتۆمبێلەوە ئاساییە، ئەوساش قڵخەکردن و فڕێدانی بەڵغەم ئاسایی بوو. ئەوەی لە ئێستادا ئەم جۆرە دەنگ و ڕەفتارانە تا ڕاددەیەک سانسۆری کۆمەڵایەتییان لەسەرە و بە عەیبە دەژمێردرێن، پەیوەندیی بەو گۆڕان و گەشەیەوە ھەیە کە کۆمەڵگەی ئێمە و لەگەڵیشدا ھووشیاریی مرۆڤ پێی گەیشتووە.

٣. مۆدێرنیتە ھەر تەنیا لە ئاستی شمەکدا، ئامێرەکان نوێ ناکاتەوە، یان ھزرینی نوێ گەشە ناکات، بەڵکو جوانیناسیی و ئاکاری مۆدێرنیش لەگەڵ خۆی دەھێنێت، ھەر چەندە ئەمانە پێکەوە ڕوو لە ھیچ شوێنێک ناکەن. سەبارەت بە کۆمەڵگەی ئێمە، ھەمیشە ئامێرەکان و مۆدێرنیتەی ماتەریاڵی لە پێش مۆدێرنبوونی عەقڵی و مۆدێرنیزمی ئەدەبیی و ئێستاتیکییەوە ھاتوون..

٤. ھیچ دەربارەی لێکدانەوە پزیشکییەکان بۆ جۆرەکانی قڵخ و ھووڕ و چۆنێتی دروستبوونی بەڵغەم، نازانم. بەڵام قڵخ و ھووڕ، یان قڵخەقڵخ دیاردەیەکی جەستەییە و پەیوەندیی بە کۆبوونەوەی بەڵغەم لە ناوچەی قوڕگ و دەراوی گەروودا ھەیە. نیشانەی جۆرێکە لە ھەڵاوسانی سییەکان. قڵخ و ھووڕ ئەو دەنگەیە کە لە ئەنجامی کۆکردنەوەی ئەم بەڵغەمە بۆ قووتدانەوەی، یان فڕێدانەوەی لەلایەن مرۆیەکەوە، دروست دەبێت.. بە ھەمان شێوەش ئحم ئحم، دەنگێکی نێرینەی ھاوشێوەیە بۆ ھۆشیارکردنەوە، یان ھۆشداریدان بە کەسانی تر، بەتایبەتی لە ئاودەست و تەنانەت لە کاتی گفتوگۆ و قسەکردنیشدا. ھەرچەندە قڵخ و ھووڕ سەرچاوەیەکی فەسلەجیی و جەستەیی ھەیە، وەلێ ئحم ئحم دیاردەیەکی بەتەواوی مانا کولتوورییە و ماناکەی ئەوەیە: "من لێرەم، ئەم شوێنە بەتاڵ نییە!". جگە لەوەش، ئەم دیاردەیە لە ھەمان کاتیشدا شتێکی مانادارە و لە کولتوورە نێرسالارییەکاندا دیاردەیەکی پتر نێرسالارانەیە. بەپێی تێبینیکردنی کۆمەڵناسان، لەوانەش (نۆربێرت ئیلیاس)، ئەم جۆرە دیاردانە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە سیستەمی گشتاندنی بەھای نێرینەییەوە لە کۆمەڵگەکاندا ھەیە. بەومانایەش بێت کاتێک گوێمان لە کۆکە، یان ئحم ئحم و فڕێدانی بەڵغەم دەبێت، کەسانێک دەیانەوێت پێمان بڵێن: "پیاوێک لێرەیە"، "ئەم شوێنە شوێنی منە"!. ئحم ئحم و کۆکە و قڵخ و ھووڕ دەنگێکی نێرانەی ئاگادارکەرەوەمان بە گوێدا دەدەن تا بزانین پیاوێک لەوێیە. 

٥. لەگەڵ ئەوەشدا، من وای بۆ دەچم ئەم دیاردانە پتر لەوەی بە تەنیا پیاوانە و نێرانە بن، پەیوەندییان بە فۆرمی ژیان و قۆناغی مێژوویی مرۆڤ و کۆمەڵگەکانەوە ھەیە. لە قۆناغە ژیانی فیودالی، یان زەوییداری و دەرەبەگایەتیدا، دەنگ بە شێوەیەکی گشتی و دەنگی پیاوانە بە شێوەیەکی تایبەتی، کاریگەری و پێگەی خۆی ھەبووە. دەنگ لە فۆرمی (ھاوارکردن، بانگکردن، قاودان، شین و شەپۆڕ، گەڕەلاوژێ، ھەرەوەز، تووڕەیی و تێخوڕین..) و تەنانەت لە کاتی گێڕانەوەکان و دەربڕینە موزیکییەکانیشدا، بۆ نموونە (ھۆرە، لاووک، بەند، بەیت و گەلۆ، حەیران) و ھەروەھا لە بۆنەکانی وەک (ڕاوکردن، بووک گواستنەوە، شەڕ، درەو و شوانییش)دا، ھێزێکی گەورەی بەڕێکردنی ژیانی کردەیی مرۆڤ بووە. دەنگ لەم فۆرمە ژیانانەدا درێژکراوەی ڕاناوی پیاو، یان سوژەی نێرینەییە و وەک ھێزێک تەماشای دەکرێت، یان گوێی لێدەگیرێت، کە درێژکراوەی ھێزی نێرینەیە. ھەر لەبەر ئەوەشە، دەنگی گڕ و بەرز، یان تۆنی (سۆپرانۆ)، وەک نوێنەر و ناخی پیاو لێکدراوەتەوە و (نەعرەتەی شێرانە) ئەو دەنگەیە، کە دەتوانێت گوێی بسمێت و ھیچ دیوار و قەڵایەک، یان دەسەڵاتێک خۆی لەبەردا ڕاناگرێت.

٦. بەم جۆرەش حەز دەکەم جەخت لەو ڕاستییە بکەمەوە، کە "دەنگ ھەر تەنیا دەنگ نییە و ھەر تەنیاش لە دەم و قوڕگەوە نایەتە دەر"، بەڵکوو دەنگ، مانای کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی خۆیشی ھەیە و دەکرێ بگوترێ ھەر دەنگە، ھەڵگری ئەو تایبەتمەندییە ئاکاری و کولتووری و چینایەتییانەیە، کە لێیانەوە دێتەدەر و بەرھەمی دەھێنن و ماناگەلێکی تایبەتی پێدەبەخشن. ئەوە "دەنگی دەنگ و ژێیەکانی دەنگ" نین، مانابەخشن، بەڵکو ئەوە کۆمەڵگە و کولتووریشن لە ڕێگەی دەنگەکانەوە خۆیان بەرجەستە دەکەن و بەدیاردەکەون. ئەمەش بە جۆرێ کە ئێمە دەتوانین لە دەنگدا، جۆر و دۆخی کەسایەتی خاوەن دەنگ بەئاسانی بدۆزینەوە: (شیوەنی دایکانی وەتەن، سکاڵای منداڵ، گەڕەلاوژێی گەنجان، قاووقریشکی کچان، شاتەشاتی ژنان، نەڕەی باوک، تێخوڕینی فەرماندە، ھاواری سەرکردە، دەربڕینی خۆشیی سەرکەوتن و..)، ھەموویان ئەو دەنگانەن کە تێڕوانینێک بۆ بکەرانیان دروست دەکەن و دەربڕی کولتوورێکیشن. بۆ نموونە گوزارەی (شاتەشات) وەسفێکە بە ئاشکرا ڕاناوە نێرینەییەکەی خۆی دەردەخات و خستنەپاڵێکی پیاوسالارانەیە بۆ دەنگی ژن کاتێ وەڵامی ھەیە، دەنگ ھەڵدەبڕێت و گفتوگۆ لەگەڵ پیاو، یان مێردەکەیدا دەکات.. خودی ئەم دەنگھەڵبڕین، گفتوگۆ و وەڵامدانەوەیە لە کولتووری نێرسالاردا قەدەخەیە، بۆیە بە شاتەشات، گوزارشی لێکراوە! ھەروەھا دەکرێ لەناو دەنگدا بۆ چین و توێژی کۆمەڵایەتیش بگەڕێین: (ناڕەزایی کرێکاران، ھوتافی خەڵک، بێدەنگیی مامۆستایانی زانکۆ، دانپیانەنانی زیندانی، متتەق نەکردنی جاسووس و دووڕووەکان..). ئەمە جگە لەوەی دەتوانین لە دەنگدا ھەست و سۆزی بکەر، یان بێژەر ئاشکرا بکەین: لاوانەوەی داییباوک، چڕینی لاوکبێژ، سۆزی گۆرانی، حەسرەتی منداڵ و نۆستالیژیای ھەندارانی و ئاوارە بۆ زێد و نیشتیمان..

قڵخ و ھووڕ لە دنیای نوێدا 

٧. قڵخ و ھووڕ لە ڕۆژگاری ئەمڕۆکەدا ئەو برەوەی جارانی نەماوە. نە ھۆکارێکی ئاگادارکردنەوەیە، نە جۆرێکە لە ھەڕەشە و چاوسوورکردنەوە، نە خۆبەرجەستەکردنیشە وەک نێرینە و پیاوانە!. لەم ڕۆژگارەدا ھیچ کات و شوێنێکیش نییە بتوانرێ تیایدا وەک جاران بەڵغەمێک فڕێ دەیت بەبێ باجدان، تەنانەت لە جامی ئۆتۆمبیلیشەوە، بۆی ھەیە بای دەرەوە بیکاتەوە بە ڕووخساری خۆتدا! ڕێک دەربڕێنەکە مانایەکی پێچەوانەی وەرگرتووە: نیشانەی پیریی، دواکەوتوویی و ناشارییبوونە.. بۆی ھەیە وەک ڕەفتارێکی دواکەوتووانەش لەلایەن کۆمەڵگەوە لێکبدرێتەوە، بەتایبەتی لە لایەن خانمانەوە و وەک تۆڵەکردنەوەیەکیش لە پیاوسالاری و نێرسەروەریی جاران.
٨. بۆیە ئێستا ئیتر قڵخ و ھووڕ، لە ڕووی کولتوورییەوە، بەتایبەتییش لە شارەکاندا مانای دیکەی ھەیە: لەجیاتیی ئەوەی گوزارشت بێت لە پێگەی کولتووریی و چینایەتی، شوناسێکی ناتەندروست و پاشکەوتوو بە بکەر دەدات. جاران بۆی ھەبوو قڵخ و ھووڕ ئاراستەکراو بێت و بە نیشانەی ئاگادارکردنەوە، ڕەتکردنەوە، کەمکردنەوە، یان بە ھیچ تەماشاکردنی بەرامبەر بێت.. لە فیلمیشدا، بەتایبەتی فیلمی کاوبۆییدا ئەم دیمەنە لە شێوەی جوویینی لەتکە دار، دەنکە شقارتە، یان فڕێدانەوەی بێزارئاسای تفەوە، یان تفکردنەوەی شتێک دەبینین. ئەم کردەیە پیشاندانی ئامادەیی بکەرە بۆ چوونە ناو شەڕێکی توندوتیژانەوە، ھەروەک چۆن پیشاندان و دەستنیشانکردنی پێگەی بکەریشە وەک دەستپێشخەر، چاوشکێن، یان خۆ بەدەسەڵاتدار و خۆ بە ئازا پیشاندان.. بکەر بەم ھۆیەوە نەفرەتی خۆی، یان قێزھاتنەوە و بێزھاتنەوەی خۆی پیشان دەدات و پەیامێکی توندوتیژئاسا و چاوشکێنەرانە بۆ ئەوی تر دەنێرێت: (ھـا…خخق، تــفــف..). 
٩. بە ھەمان شێوە، ئێستا لەودیو دەرگای ئاودەستخانەکانەوە، چ لە ماڵ، چ لە خواردنگەکانی نێوان ڕێی شاران و چ لە مزگەوتەکاندا، گوێمان لە ئحم ئحمی خەڵک نابێت، یان زۆر بە کەمی گوێمان لێدەبێت. ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی ڕیزی بەردەم ئەو شوێنانە لە کەمیی داوە و خەڵک کەمتر پێویستیی بە چوونە تەوالێت ھەیە. بەڵکوو لەبەر ئەوەی ئێستا دەرگای ئەم شوێنانە مەحکەمتر و بە ئەڵقەڕێز و قفڵ دادەخرێن.. ھەروەھا ژمارەی جاسووسە تەقلیدییەکان ئێستە ئەوەندە کەم بوونەتەوە، کە پێویست نەکات بە ھۆی ئحم ئحمەوە ھاوڕێکانمانیان لێ بپارێزین.

١٠. شێوەژیانی سەرمایەدارانە، ماناکانی دەنگیش دەگۆڕێت و دەنگە نەخوازراوەکان، ڕەت دەکاتەوە و دەنگی دیکەیان دەخاتە شوێن. بەمجۆرەش دەنگ مۆدێرنیزە و ئیستاتیزە کراوە. ئەمڕۆ دەنگی ڕیکلامە بازرگانیەکان، دەنگی ڕاگەیاندنە شێوێنەرەکان، دەنگی بانگەشەکردن بۆ جوانکاران و نەشتەرگەران و دەنگی پۆپۆلیزمی کولتووری و بازاڕگەرمی و دەنگی پێنان بە بەنزینی ئۆتۆمبێل و ھاوارکردن و تەعلیقدان لە کچان و ژنان لە جامی ئۆتۆمبێلەکانەوە و دەیان دیاردەی دەنگیی تر، لە ھەموو شوێنێک دەبیسترێن و فەزای ژیانەکی ئیمەیان پڕ کردووە لە دەنگە دەنگ. ھیچ خواردنگەیەک بە تەنیا خواردنت پێنافرۆشێت، ئەگەر جۆرێ لە ھاوارھاواریشت بەسەردا نەسەپێنێت. بە پێچەوانەی دەنگی قڵخ و ھووڕ و ئحم ئحمەوە، کە لە شوێنی تایبەت و ناوبەناو دەبیسران، دەنگە کولتوورییەکانی شێوەژیانی سەرمایەداری ھەموو چرکەیەکی ژیانی ئێمەیان پڕ کردووە و شوێنیان بۆ ھیچ دەنگێکی تر نەھێشتۆتەوە.. مرۆڤی ئەم دەڤەرەی ئێمە بۆ ئەوەی گوێی لە دەنگی مرۆییانەی خۆی بێت، دەبێت لە ھەلێک بگەڕێت، کە تیایدا کارەبا ببڕێت، یان پەخشە میکانێکی و ئەلێکترۆنی و ڕیکلامییەکان بوەستن، ئەمجا بتوانێت بێتە دەنگ، یان گوێی لە دەنگیی میھرەبانیی مرۆڤ بێت.

١١. ئەمڕۆ بێدەنگیی و شەرمکردن لە دەنگھەڵبڕین، باڵی بەسەر ھەمووماندا کێشاوە و شاشەکان، بڵیندگۆ و مەکینەکان، جێگەی دیاردە دەنگییە مرۆییەکانیان گرتۆتەوە.. ڕۆژگاری ئەمڕۆ شەرمی لە پەخشکردنەوەی زیقەزیق و گرمەگرمی مۆزیکی ڕیکلام نییە، شەرمی لە قریوەی نێو پەب و ھەراوزەنای ناو باڕەکان نییە. بەڵام ئامادەش نییە گوێ لە گۆرانییە خۆماڵییەکان بگرێت. لە مۆڵ و سوپێرمارکێتەکاندا وەک پەرستگەی سەرمایەداری و پارەداریی لە وڵاتی ئێمەدا، بە دەگمەن گوێت لە بەرھەمێکی ڕەسەن و خۆماڵی دەبێت. ھیچ شتێک ڕەسەن و گوزارش نییە لە شوناس و ئەوەی کە (ئێمە) پێکدەھێنێت. ئێمە، وەک شوناس، ڕەسەنێتی، لۆکاڵیی و دیارگەرایی، لە ئارادا نەماوە و لەم وشوێنانەدا مرۆڤ ناچار دەکرێت بچێتە نێو ئەو بۆنە و کەشانەوە، کە ئەو تیایاندا خۆی نییە. نامۆبوون و لەخودنامۆبوون بەشێکی ئەو ئەزموونە ڕۆژانەییەن کە مرۆڤی ئێمە لەم سۆپێرمارکێت و مۆڵانەدا بەبێ خواست و ویستی خۆی ئەزموونیان دەکات. لە پێش ھەمووشیانەوە دەستھەڵگرتن لە زمان، لە دەنگ و ڕیتمی خۆماڵیانەی خۆ دەربڕین. لەو شوێنانە مرۆڤ پتر بە ئینگلیزیی، عەرەبی و تورکی قسەی پێدەکرێت نەک زمانی داییک..

١٢. ئێمە لەم جیھانە نوێیەی سەرمایەدارییەتدا ڕاھێنانمان پێدەکریت دەست لە دەنگ ھەڵبگرین، دەنگی خۆمان بچەپێنین و ئەو وشانە بە لێوماندا بھێنین کە گوزارش لە ناخمان ناکەن. ئێمە ھەر دەبوو دەنگەکانی وەک قڵخوھووڕ و ئحم ئحم و دەلالەتەکانیان وەلا بخەین چونکە ئەوە مەترسیدار و ناساخڵەم بوون، بەڵام ئەوەتا ئێستا خەریکین بەتەواوی دەست لە دەنگ بەشێوەیەکی گشتی ھەڵدەگرین و قڵخوھووڕێکی تر جێگەی دەنگە تەقلیدییەکان دەگرێتەوە. ئێمە بە دوورکەوتنەوە لە زمانی خۆمان، لە شوناسی ڕاستەقینەی خۆشمان دوور دەکەوینەوە. بێگومان دەستھەڵگرتن لە دەنگ، نێوەی دەستھەڵگرتنە لە بیرکردنەوە.


ڕیکلام