کچی رەفسەنجانی ڕەخنە لە سیاسەتی وڵاتەکەی و قاسم سولەیمانی دەگرێت

  2021-01-10  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فائیزە رەفسەنجانی کچی هاشمی ڕەفسەنجانی سەرۆکی پێشووی کۆچکردووی ئێران ڕایگەیاند، دەستوەردانی تاران لە سوریادا ٥٠٠ هەزار کوژراوی لێ کەوتووەتەوە و داواشی لە قاسم سولەیمانی کردبوو دەستوەردان نەکات لە سوریادا.

فائیزە رەفسەنجانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی (ئینساف نیوز)ی سەر بە ڕیفۆرمخوازەکان ئاماژەی بەوەکرد، دژی بەشداریکردنی ئێران بووە لە جەنگی ناوخۆیی سوریا، بۆ ئەو مەبەستەش قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئاگادارکردووەتەوە کە با دەستوەردان نەکات لەو جەنگەدا.

کچی ڕەفسەنجانی لەو بارەیەوە وتی "قاسم سولەیمانی بەر لە چوونی بۆ سوریا ڕاوێژی بە باوکم کردووە، ئەویش پێی ڕاگەیاندووە کە نەڕوات".

لە ساڵیادی کوشتی سولەیمانیدا فائیزە ڕەفسەنجانی  ڕایگەیاند، ڕێگە نادەن بە کەس  قسە لەسەر کارەکانی بکات کە چی کردووە، بەڵام باوکی خاوەنی زیرەکی و دووربینی بووە، کاتێکیش ئامۆژگاری سولەیمانی کردووە کە نەڕواتە سوریا، باوکی لەسەر حەق بووە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا بۆ ماڵپەڕەکە فائیزە رەفسەنجانی پرسیاری ئەوەی کرد "ئایا هەڵسوکەوتەکانی سولەیمانی و سیاسەتی بەرگری چی لێ بەرهەمهات؟ چی بەدی هێنا لە بوارەکانی ئابوری و ئازادی سیاسەتی دەرەوە؟ سیاسەتی بەرگری هیچ شتێکی بۆ جێنەهێشتووین کە شانازی پێوە بکەین؟".

فائیزە ڕەفسەنجانی دەربارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا ڕایگەیاند، هیوادار بوو کە دۆناڵد ترەمپ براوەی هەڵبژاردنەکان بوایە، بۆ ئەوەی فشار لە دەسەڵاتدارانی ئێران بکات سیاسەتی خۆیان بگۆڕن لە بەرامبەر گەلی ئێران، بەڵام ئەوە لە سەردەمی دیموکراتەکاندا بەدی نایەت، چونکە زۆر نەرمن لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئێراندا.

کچەکەی ڕەفسەنجانی رەخنەشی لە سیاسەتی ئێران گرت لە ناوچەکە و لەوبارەیەوە ڕایگەیاند "بووەتە هۆی لەدەستدانی دۆستەکانمان، سیاسەتی دەرەوەمان وەک سیاسەتی ناوەوەی لیهاتووە، بەشێوەیەک ئەوانەی پشتگیریان دەکرد ئێستا رەخنە دەگرن، پاشان ڕەخنەگرەکانیش بووەنەتە نەیار".

ئەو لێدوانانەی فائیزە رەفسەنجانی ڕووبەڕووی رەخنە و گلەیەکی زۆر بۆوە، بە تایبەت لە ناوەندی باڵی موحافزیکارەکان و میدیاکانی نزیک لەو باڵە .

ئیبراهیم سوڵتانیان، کە یەکێکە لە چالاکوانانی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە تویتێکیدا لە دژی لێدوانەکانی فائیزە رەفسەنجانی وتوویەتی "پێویستە فائیزە بە داعش بفرۆشن، بۆ یەوەی بزانێت سولەیمانی چ دەستکەوتێکی بەدەست هێناوە".

دوای ئەو لێدوانانە، موحسین هاشمی رەفسەنجانی برای فائیزە ڕەفسەنجانی، کە سەرۆکی شارەوانی تارانە، داوای لە خوشکەکەی کرد پۆزش بهێنێتەوە بۆ لێدوانەکانی، چونکە ترەمپ هیچ نەکردووە جگە لە سەپاندنی سزا و تیرۆرکردن و سوکایەتی لە دژی ئێران .

لەو بارەیەوە موحسین رەفسەنجانی وتوویەتی "پۆزش بهێنەرەوە وەک ئەوەی نووسیوتە، ناو ناوبانکگی باوکت سوک مەکە ".

فائیزە هاشمی رەفسەنجانی ، یەکێکە لە کەسایەتییەکانی باڵی موحافیزکارەکان و پەرلەمانتاری پێشووی ئێران بووە، لە ساڵی ٢٠١١ سزای ساڵێک و شەش مانگ زیندانی کردنی بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام حوکمەکەی جێبەجێ نەکراوە، ماوەی ٥ ساڵ بێبەشکراوە لە هەموو چالاکییەکی سیاسی و کلتوری و ڕۆشنامەوانی، دوای ئەوەی لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە تۆمەتبار کرا بە پروپاگەندە کردن لە دژی دەسەڵاتدارانی ئێران .

فایزە ڕەفسەنجانی لە ساڵی ١٩٦٢ لە دایک بووە لە نێوان ساڵانی ١٩٩٦ بۆ ٢٠٠٠ ڕۆژنامەیەکی بە ناوی ژن دامەزراندووە، لە ئێستاشدا خوێندکارە لە زانکۆی بێرمنگەهام لە بەریتانیا.

 



ڕیکلام