پیلۆسی: بەم نزیکانە ترەمپ لە پۆستەکەی دوور دەخرێتەوە

  2021-01-11  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕایگەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنەکە دەنگ دەدات لەسەر پڕۆژە بڕیارێک، کە هانی مایک پێنس دەدات بۆ سەندنەوەی دەسەڵات لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمریکا.

پیلۆسی لە نامەیەکدا کە ئاراسەی یاسادانەرانی دیموکراتەکانی کردووە تیایدا هاتووە، سەرۆکی زۆرینەی دیموکراتەکان ئەمڕۆ داوای پێشکەشکردنی پڕۆژە بڕیارەکە دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو پرۆژە یاسایە هانی مایک پێنس دەدات بۆ سازکردنی کۆبوونەوەیەک بە مەبەستی کاراکردنی هەمواری ٢٥ی تایبەت بە وەرگرتنی پۆستی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا.

پیلۆسی جەختیکردووەتەوە، داوا لە جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەکات لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا وەڵام بداتەوە، دوای کۆتایی هاتنی ئەو کاتەش بە فەرمی دەستدەکرێت بە ڕێوشوێنەکانی دوورخستنەوەی دۆناڵد ترەمپ لەناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران.

لە بەشیکی تری وتەکانیدا سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کە لە دیموکراتەکانە ووتوویەتی "لە پێناو پاراستنی دەستور و دیموکراسی ئەمریکا، پێویستە بەشێوەیەکی بەپەلە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا بکرێت، چونکە سەرۆک بووەتە مەترسیەکی گەورە لەسەر وڵات، بە تایبەت لەگەڵ تیپەڕبوونی کات هێرش و ترس و تۆقاندنەکانی سەرۆکی ئێستا زیاتر دەبێت".

ئەو ڕێوشوێنە بەپەلەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کاتێکدایە، بەهۆی ڕوداوی هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا لەلایەن لایەنگرانی ترەمپەوە لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، ٥ کەس کوژران، کە یەکێکیان پۆلیسە.



ڕیکلام