پەرلەمان داوای ئامادەبوونی فواد حسێنی کردووە بۆ وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێک

  2021-01-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکایەتی پەرلەمان عێراق، لەڕێگەی فەرمانگەی پەرلەمانییەوە ئاگادارکردنەوەیەک ئاراستەی فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق دەکات بۆ ئەوەی لە دانشتنەکانی داهاتوودا ئامادەی پەرلەمان بێت، سەبارەت هۆکاری وەڵامنەداوەی ئەو پرسیار و پێشێلکاریانەی کە پەرلەمانتار حامید موسەوی بەرزیکردووەتەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان.

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک کە ئاراستەی  سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کراوە، ئاماژە بەوە دەکات پێشتر ٦ پرسیار ئاراستەی وەزیری دەرەوە کراوە، بەڵام تا ئیستا وەڵامی تەنها یەک پرسیاری داوەتەوە، ئەوەش بە پێشێلکاری دادەنرێت بۆسەر دەسەڵاتی یاسادانان.

یەکێک لە پرسیارەکان کە ئاراستەی فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق کراوە تایبەت بەوەی کە ئایا بەدواداچوونی کردووە سەبارەت بەو پێشێلکاریانەی کە لە ڕاپۆرتی  دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵییەوە ئاراستەی سەرۆکی دەستەی نەزاهە کراوە.

یەکێک لە پرسیارەکانی دیکە تایبەتە بەوەی کە بۆچی سەرنج و تێبینی نەبووە لەسەر دووبارە دانانەوەی لوقمان فەیلی وەک باڵیۆز، کە بێ هیچ راسپاردەیەکی وەزیری دەرەوە یان ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران، بەمەرسومیکی کۆماری دانراوەتەوە، ئەوەش پێچەوانەی مادەی (٩)ب یاسای ژمارە ٤٥ ساڵی ٢٠٠٨ی خزمەتی دەرەوەیە.

یەکێک لە پرسیارەکانی دیکە تایبەتە بەوەی کە بێ هیچ پشتگیرییەکی یاسایی پۆستێک لە وەزارەتی دەرەوە دانراوە بە ناوی ڕاوێژکاری یاسایی بۆ یەکێک لە فەرمانبەرەکان، بێ ئەوەی بە یاسای پەیکەری ئیداری وەزارەتی دەرەوەدا ئەو پۆستە بوونی هەبێت.

یەکێکی دیکە لە پرسیارەکان کە ئاراستەی فوئاد حسین وەزیری دەرەوە کرا وە، تایبەت بە بابەتی لێکۆڵینەوە لە فەرمانبەرێک کە بەرپرس بووە لە حجزکردنی بلیتی گەشتکردن، کە لەلایەن ئەو فەرمانبەرەوە دزراوە  ئێستا بووەتە ماڵ لەسەر کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کە بڕەکەی دەگاتە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار دۆلار، جگە لەوەش هۆکار چییە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەکە لە نەتەوەی کورد دیاریکراوە، لە کاتێکدا تۆمەتبارەکەش لە هەمان نەتەوە و حزبە.

هەر لە بەڵگەنامەکاندا چەندین پرسیاری دیکە ئاراستەی وەزیری دەرەوەی عێراق کراوە، سەبارەت بە وەرگرتنی ڤیزای نایاسایی بۆ کەسانی بیانی و بودجە و موچەی فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەی عێراق لە ئوردن و دامەزراندنی لە فەرمانگە و نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە و ئاستی بڕوانامەکانیان کە لەگەڵ پۆستەکانیاندا ناگونجێت.

هەروەها بۆچی وەزیری دەرەوە بەدواداچوونی نەکردووە سەبارەت بەو سکاڵایەی کە وەزارەتی دەرەوە تۆماریکردووە لەسەر هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر فڕۆکەخانەی بەغدا و کوشتنی یەکێک لە سەرکردەکانی بەرگری عێراقو میوانێکی ئازیزی.

  



ڕیکلام