ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتە 40 ملیۆن کەس

  2021-01-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرایکرد، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠دا ژمارەی دانیشتوانی عێراق بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە ٤٠ ملیۆن کەس.

عەبدولزەهرە هەنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ کۆتایی ساڵ بە گوێرەی ئەو داتا و زانیاریانەی کە دەزگای ناوەندی سەرژمێرییەوە ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق ٤٠ ملیۆن و ١٥٠ هەزار کەس.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێژەی گەشەی ساڵانەی دانیشتوان هێشتا لەسەر ناوەندی سروشتی خۆیدایە بە تایبەت لەم سێ ساڵەی دوایدا، ڕێژەی زیادبوونەکەش بەزۆری لە نێوان ٢.٥% بۆ ٢,٦% بووە و هەندێک جاریش گەیشتووەتە ٢.٧%.

هەنداوی ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێژەی زیادبوونی دانیشتوانی عێراق بەرەو کەمبوونەوە چووە، چونکە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕێژەی گەشەی دانیشتوان لە نێوان ٣% بۆ ٣.٣% بووە.

هەنداوی ئاشکرایکرد، ئەو ژمارەیە دابەشبوون بەشێوەیەک لە ٥٠.٥% پیاون و لە ٤٩.٥% ئاژفرەتن.

لەو ڕێژەیەش لە ٥٦.٥%ی کۆی دانیشتوان تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٦٤ ساڵیدایە، لە دوای ئەوانیش لە ٤٠.٤%ی کۆی دانیشتوان لە منداڵان پێکهاتوون لە ١٤ ساڵیدایە.

ڕوونیشیکردەوە، بەگوێرەی هەندێک لە خەمڵاندنەکان ژمارەی دانیشتوانی عێراق ساڵانە ٨٥٠ هەزار بۆ یەک ملیۆن کەس زیاد دەکات، بەوەش چاوەڕواندەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی دانیشوانی عێراق بەرزبێتەوە بۆ ٥٠ ملیۆن کەس.

لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩دا وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرایکردبوو، ژمارەی دانیشتوانی عێراق ٣٩ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە.



ڕیکلام