ئەنجومەنی باڵای ئابوری هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

  2021-01-12  | 
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەنجومەنی باڵای ئابوری هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، گفتوگۆیان کردووە، دەربارەی دیاریکردنی هێڵە گشتییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 ی هەرێم و هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکی حکومەتی هەرێم جەختی کردووەتەوە لەوەی کە پێویستە لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 ، هەموو ئەگەرەکان لە بەرچاو بگیرێت و بودجەیەکی واقیعی و شەفاف بێت و پشت بە ژمارە و داتا و داهاتی نەوتی و نانەوتی و خەرجی ڕاستەقینە و کورتھێنان و دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان ببەستێت کە لە دوای پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی وەزیران، دەخرێتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و ئەم بودجەیە دەبێتە هۆی برەودانی زیاتر بە شەفافیەت لە دارایی گشتی ھەرێم.

دەقی راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی باڵای ئابوری هەرێمی کوردستان :

ئەمڕۆ سێشەممە 2021/11/12 ئەنجومەنی باڵای ئابووری هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە .

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دیاریکردنی هێڵە گشتییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 ی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی پرۆسە چاکسازی کرا .

هەریەک لە وەزیرانی دارایی و ئابووری ئاوات شێخ جەناب و پلاندان دارا ڕەشید ڕاپۆرتێکیان دەربارەی دۆخی ئێستای دارایی و  ئامادەکارییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 خستەڕوو .

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا ، کە حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ لە پێناو ڕێکخستنەوەی داهاتەکان و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان و ڕێکخستنەوەی میلاک و دەرھێنانی ناوی ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی ناڕەوا سوودمەندبوون لە بودجە گشتی، بۆ ئەوەی ماف و شایستەی دارایی مووچەخۆری شایستە دەستەبەر بکرێت، سەرەڕای کارکردن بۆ کەمکردنەوەی ڕووتین لە ڕاییکردنی مامەڵە داراییەکان. جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 ، هەموو ئەگەرەکان لە بەرچاو بگیرێت و بودجەیەکی واقیعی و شەفاف بێت و پشت بە ژمارە و داتا و داهاتی نەوتی و نانەوتی و خەرجی ڕاستەقینە و کورتھێنان و دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان ببەستێت کە لە دوای پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی وەزیران، دەخرێتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و ئەم بودجەیە دەبێتە هۆی برەودانی زیاتر بە شەفافیەت لە دارایی گشتی ھەرێم .

سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی،  هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە ، بۆیە دەبێ دەسەڵاتی فیدراڵیش ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی پڕۆژە بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2021 دابین بکات .

لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا ، بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون  عەبدولحەکیم خسرۆ ، ڕاپۆرتێکی دەربارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئابووری خستەڕوو .

بڕیارە دەرئەنجامی کۆبونەوەکە سەبارەت بە ھێڵە گشتیەکانی ڕەشنووسی بودجەی ھەرێم، سبەی لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بخرێتەڕوو. 



ڕیکلام