توێژینەوەیەکی بەریتانی: تووشبوانی کۆرۆنا تا 5 مانگ بەرگری پەیدا دەکەن

  2021-01-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
توێژینەوەیەکی نوێی بەریتانیان کە لەسەر کارمەندانی بواری تەندروستی ئەنجامدراوە کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، دەرکەوتووە تا ٥ مانگ بە لای کەمەوە بەرگری لە دژی نەخۆشی دروست دەکەن، بەڵام بەڵگەش هەیە ئەوانەی هەڵگری دژە تەنن، ئەگەری هەیە هەڵگری ڤایرۆسەکە بن و بیگوێزنەوە.

بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان کە زانایان لە دەستەی تەندروستی گشتی بەریتانیا پێی گەیشتوون، ئاماژە بەوە دەکات زۆر بە کەمی ئەوانەی هەڵگری دژە تەنن لە نەخۆشییەکی پێشتر، دووچاری ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن.

ئەو توێژینەوەیە کە لەسەر ٦٦١٤ کەسی ناو توێژینەوەکە کراوە، دەرکەوتووە تەنها ٤٤ کەسیان بۆ دووەمجار تووشی ڤایرۆسەکە بوونەتەوە.

بەڵام پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداری ئەوە دەدەن، ئەو کەسانەی کە لەسەرەتای شەپۆلی یەکەمەوە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون،، لە ئێستادا ئەگەری ئەوەیان هەیە جارێکی دیکە تووش ببنەوە.

هۆشداری ئەوەشیان داوە، ئەو کەسانەی کە خاوەنی بەرگری سروشتین و کە لە تووشبوون بە پەتاکەوە بەدەستیان هێناوە، ئەگەری ئەوەیان لێدەکرێت لەناو لوت و قورگیاندا هەڵگری ڤایرۆسەکە بن و ببنە هۆی بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکە.

سوزان هۆبکینز گەورە ڕاوێژکاری پزیشکی لە دەستەی تەندروستی گشتی بەریتانیا، کە سەرپەرشتی تیمی توێژینەوەکەی کردووە ئاماژە بەوە دەکات، زۆربەی هەرە زۆری ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لاشەیان دژە تەنیان دروستکردووە، پارێزراون لە دووبارە تووشبوونەوەی ڤایرۆسەکە، بەڵام پارێزی ڕەها نییە و تا ئێستاش نازانن ماوەی ئەو بەرگرییە تا چەند کە دروست بووە.

 



ڕیکلام