بە هەڵە 150 هەزار دۆسیەی تاوان لە پۆلیسی بەریتانیا سڕدرانەوە

  2021-01-15  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە، ١٥٠ هەزار تۆماری دەستگیرکردن لە داتابەیسی دەزگای پۆلیسی ئەو وڵاتە سڕدراونەتەوە، چاوەڕواندەکرێت ئەو ڕوداوە کاریگەریی هەبێت لەسەر لێکۆڵینەوەکانی داهاتووی دەزگاکە.

لە دوای ڕوداوەکەش حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاند، لە ئێستادا تاوتوێی کاریگەرییەکانی ئەو هەڵە تەکنیکییە دەکات، کە بووەتە هۆی سڕینەوەی ئەو ١٥٠ هەزار دۆسییە لە دەزگای پۆلیسدا.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی، زانیارییەکان بە هەڵە سڕدراونەتەوە، کە پەنجە مۆر و زانیاری لەسەر (DNA ) ی کەسەکان و تۆماری ئەو کەسانەی دەستگیر کراون.

لە لایەکی ترەوە وەزارەتی ناوخۆیی بەریتانیا ڕایگەیاند، زانیارییە لە دەستچووەکان هی ئەو کەسانە بوون، کە پێشتر دەستگیر کراون و دواتر ئازاد کراون، بێ ئەوەی پێویست بێت هیچ ڕێوشوێنێکیان لە  بەرامبەر بگیرێتە بەر.

لە بەرامبەر ئەو لێدوانەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیادا، پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆن ڕایگەیاند، ئەوەی کە روویداوە سەلامەتی گشتی دەخاتە ژێر مەترسییەکی گەورەوە.

بە گوێرەی میدیا بەریتانییەکان ، زانیارییەکان لە کۆمپیۆتەری دەزگای پۆلیسی نیشتیمانیدا سڕدراونەتەوە، کە پێکهاتوون لە سیستمیک بۆ تۆمارکردن و هەڵگرتنی زانیاری دۆسیەی تاوانکاری لە سەرانسەری بەریتانیادا.

ئەو سیستمە هاوکاری دەزگای پۆلیس دەکات لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا، یاخود زانیاری نهێنی پێشکەش دەکات دەربارەی کەسەکان و ئوتۆمبێل و ڕوداوەکانی تاوانکاری.

ڕۆژنامەی تایمز ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو هەڵە تەکنیکییە، ڕێگە خۆشدەکات بۆ ژمارەیەک لە کەسانی تاوانکار، کە لە سزا ڕزگاریان ببێت، چونکە بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت مۆری پەنجەیان یان زانیاری (DNA ) یان وەربگیرێتەوە، کە پێشتر لە شوێنی تاوان هەڵگیراونەتەوە و پارێزرابوون.

بەدووریش دەزانرێت کە سڕێنەوەی زانیارییەکان بە دەستی ئەنقەست، یان هێرشی ئەلکترۆنی بووبێت بۆ سەر داتابەیسی دەزگای پۆلیسی بەریتانیا.

هاوکات حکومەتی سێبەر لە پارتی کرێکاران داوای لە وەزیری ناوخۆیی بەریتانیا کرد، بەرپرسیارێتی هەڵەکە لە ئەستۆ بگرێت و کاریگەرییەکانی ڕوداوەش بە تەواوی ڕوونبکاتەوە.

داواشیکردووە، پێویستە لەسەر وەزیری ناوخۆ بەیاننامەیەکی بەپەلە دەربکات  لەسەر ئەو کێشە گەورەیە، سەبارەت بە قەبارەی کێشەکە و ئەو ڕێوشوێنانەی کە گیراونەتە بەر، لە پێناو دڵنیایی دان بە هاوڵاتیان، چونکە دەبێت وەڵامیان بدرێتەوە کە چی ڕوویداوە.

ئەو ڕوداوەش لە کاتێکدایە، پێشتریش لە ناو هەمان داتا بەیسی پۆلیسدا، ٤٠ هەزار ئاگادارکردنەوە کە تایبەت بوون بە تۆماری تاوانبارانی ئەوروپی سڕدرانەوە، دوای ئەوەی بەریتانیا گەیشتە ڕێککەوتن سەبارەت بە چوونە دەرەوەی لە ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا.

 



ڕیکلام