هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوانمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، چاوەڕوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانین بۆ جێبەجێکردنی لامەرکەزیی دارایی و کارگێڕیی لە هەموو پارێزگاکانی هەرێم.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ـی١ـی٢٠٢١، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ڕێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بەشداریی کۆنفرانسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی کرد و لەگەڵ نوێنەرانی یەکێتیی لە وڵاتانی دەرەوە کۆبووەوە .
لەو ڤیدیۆکۆنفرانسەکەدا کە هەریەک لە دکتۆر سۆران جەمال تاهیر لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان و سەرکەوت محەمەد غەفور لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییەکانی دەرەوە و فریاڵ عەبدوڵڵا لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان و نوێنەرانی یەکێتیی لە وڵاتانی دەرەوە ئامادەیبوون، گفتوگۆ کرا دەربارەی دواین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ڕۆڵی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە هاوکێشە سیاسییەکاندا .
لە سەرەتای ڤیدیۆکۆنفرانسەکەدا لاهور شێخ جەنگی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەرچاوڕوونیدا بە هەڤاڵانی نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە لە بارەی شێوازی کاری حزبی لە دوای کۆنگرەی چوارەم و ڕۆڵ و پێگەی یەکێتیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان .
لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بۆ دۆخی کۆرۆنا کرد و ڕایگەیاند لە دوای کۆنگرە کۆرۆنا ڕێگر بووە لە ئەنجامدانی کار و چالاکییە حزببیەکان، بەڵام یەکێتیی لەو دۆخەشدا دەستەوەستان نەبووە و لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ میللەتەکەمان و لە کاتی کەرەنتینەدا دەستمانکرد بە هاوکاریکردنی نەخۆشخانەکان و پێشکەشکردنی دەرمان و کۆمەکی پزیشکی و دروستکردنی نەخۆشخانە لە چەند شار و شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستان .
لاهور شێخ جەنگی باسی لە هەوڵەکانی یەکێتیی کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر ئاستی هەرێم و عێراق و پێداگریی یەکێتیی دوپاتکردەوە لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزیی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتییان و ڕایگەیاند لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوانمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان چاوەڕوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانین بۆ جێبەجێکردنی لامەرکەزیی دارایی و کارگێڕیی لە هەموو پارێزگاکانی هەرێم .
ئاماژەشیکرد بە سەردانەکانی بۆ بەغدا و دیدار و کۆبوونەوەکانی وەفدی یەکێتیی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی لایەنەکان و حکومەتی فیدراڵی بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و تێپەڕاندنی پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ .
لە تەوەرێکی تری وتەکانیدا لاهور شێخ جەنگی پلان و بەرنامەی داهاتووی یەکێتیی بۆ هەڤاڵان لە نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە ڕوونکردەوە، هاوکات سوپاسیکردن کە دڵسۆزانە ئەرکەکانیان جێبەجێکردوە و داواشی لێکردن کە خۆیان ساز و ئامادە بکەن بۆ داهاتوو بە گیانێکی یەکێتییانە کار بکەن بۆ خزمەتکردنی ڕەوەندی کوردی لە دەرەوە .
لە کۆتاییدا نوێنەرانی یەکێتیی لە وڵاتانی دەرەوە باسیان لە کار و چالاکییەکانیان کرد و سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان خستە ڕوو، سوپاسی لاهور شێخ جەنگییان کرد کە ڕاشکاوانە بابەتەکانی بۆ ڕوونکردنەوە. هاوکات پرسیار و داواکارییەکانیان ئاڕاستە کرد و بە گرنگییەوە لە لایەن هاوسەرۆکەوە وەڵام درانەوە.