لە ترسی مەترسی ناوخۆیی پشکنین بۆ هەموو کارمەندانی پاسەوانی نیشتیمانی دەکرێت

  2021-01-18  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئاژانسی ئەسۆشیەتیدپرێس بڵاویکردەوە، دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ناسراو بە (FBI ) پشکنین بۆ سەرجەم هێزەکانی پاسەوانی نیشتیمانی دەکات، کە ژمارەیان ٢٥ هەزار کەسن و هاتوونەتە واشنتۆن، بۆ چاودێریکردنی ڕۆژی دانانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا.

لێپرسراوانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دوودڵی خۆیان نیشاندا سەبارەت بە هێرشێک لە ناوەوە، یان هەڕەشەیەکی دیکە، لە لایەن ئەندامانی پاسەوانی نیشتیمانییەوە، هۆشداریش دراوەتە فەرماندەکانی پاسەوانی نیشتیمانی بە وریاییەوە چاودیری کێشەکانی ناو ڕیزەکانیان بکەن، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دەستبەکاربوونی جۆ بایدن.

ڕایان مەکارسی وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەوان پێویستیان بەوەیە هەمیشە ئامادە و چاوکراوە بن، پێویستیان بەوەیە هەموو شتەکان لە شوێنی خۆی دابنێن، بە مەبەستی پشکینین سەرجەم ئەو هێزانە، کە پشتیوانی و چاودێری کاری لەوشێوەی پرۆسەی دانای سەرۆک دەکەن.

ئاژانسە لە زاری لێپرسراوانی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵییەوە ئاشکرایکردووە، دەزگاکە لە داتا بەیسی هێزەکانی پاسەوانی نیشتیمانی پشکنین بۆ یەک بەیەکی ئەو هێزانە دەکەن، بۆ ئەوەی بزانن هیچ کامیان مایەی هەڕەشە و مەترسی نین.

وەزیری بەرگری ئەمریکا ئاشکرایکرد، هێزەکانی پاسەوانی نیشتیمانی هەموو ڕۆژیک ماوەی سێ کاتژمێر ڕاهینانی چڕ و تایبەتیان پێکراوە، بۆ چۆنێتی ڕوبەربوونەوەی هەر مەترسییەک، کە لەکاتی دانانی سەرۆکی نوێی ئەمریکادا بێتە ئاراوە.

بۆ ئەو مەبەستەش لە واشنتۆنی پایتەخت ٢٥ هەزار لە ئەندامانی پاسەوانی نیشتیمانی لە سەرانسەری وڵاتەوە هێنراو، بە مەبەستی چاودێریکردنی ڕەوشی ئەمنی ڕۆژی دانان و دەستبەکاربوونی جۆ بایدن سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە پۆستەکەی.

 



ڕیکلام