نێچیرڤان بارزانی: ناکرێت خاکی هەرێم و عێراق وەک پێگەی هەڕەشە لە دژی تورکیا بەکاربهێنرێت

  2021-01-19  | 
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، ناکرێت خاکى عێراق و هەرێمى کوردستان وەک پێگەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا و وڵاتانى دراوسێ بەکار بهێنرێت و هیواى خواست لەمبارەیەوە عێراق ئەرکى خۆى جێبەجێ بکات.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێم پێشوازیکرد لە خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا و شاندێکی یاوەری، لە دیدارێکدا کە وەزیری پێشمەرگە و سوپاسالاری هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، گفتوگۆ کرا سەبارەت بە دیدار و کۆبوونەوەکانی وەزیری بەرگری تورکیا لە بەغدا و هەولێر.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە هەردوولا جەختیانکردووە لە لە پاراستنى ئارامى و سەقامگیرى لە ناوچەکە و گرنگیى هاوکارى و هەماهەنگیى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا لەوبارەیەوە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، جگە لە سوپاسکردنی تورکیا بۆ هاوکاریکردنی هەرێم لەشەڕی داعشدا، هاوکات جەختیکردەوە ناکرێت خاکى عێراق و هەرێمى کوردستان وەک پێگەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا و وڵاتانى دراوسێ بەکار بهێنرێت و هیواى خواست لەمبارەیەوە عێراق ئەرکى خۆى جێبەجێ بکات، هەروەها شاندى میوانى دڵنیا کردەوە کە هەرێمى کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکى ئارامى و سەقامگیریى ناوچەکە دەبێت.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا لە هەموو بوارەکاندا، پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و کێشەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و شەڕی داعش، هاریکارى و هەماهەنگیى نێوان هەردوولا، ڕێککەوتنى شەنگال و گرنگیى جێبەجێکردنى، گرنگیى پاراستنى سنوورەکان و ئاسایشیان، پەیوەندییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.



ڕیکلام