کوردی  |  English            

کەشناسی هەرێم: پلەی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی دادەبەزێت

  2021-01-20  | 
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمشەو لە هەندێک ناوچەی هەرێم، پلەی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی دادەبەزێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەزەزانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەم شەو ئاسمانى هەرێم هەوری تەواو دەبێت لە گەڵ بارینى باران و بارینى بەفر لە ناوچە شاخاویەکان .

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینى دەکرێت لە دوای نیوە شەو ئاسمان لە باکور و ناوەڕاستى هەرێم بگۆڕێت بۆ نیمچەهەور، بەڵام لە ناوچەکانى ڕۆژهەڵات و باکورى رۆژهەڵاتى هەرێم ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لە گەڵ بارینى نمە باران و بارینى بەفر بە تایبەت لە ناوچە شاخاویەکان .

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە نزمترین پلەکانى گەرما دادەبەزێت بۆ ژێر سفری سیلیزى لە سنتەرى شارى سلێمانى و دهۆک و لە ناوچە شاخاویەکان دادەبەزێت بۆ چەندین پلەى ژێر سفرى سیلیزى .

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەزەزانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، شەختە دروست دەبێت بەتایبەت لەناوچە شاخاویەکان و تەم و مژ لە هەندێ ناوچە دروست دەبێت.