عەلی عەلاوی: عێراق دەیەوێت 6 ملیار دۆلار قەرز لەدەرەوە بکات

  2021-01-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حکومەتی عێراق لە گفتوگۆدایە لەگەل سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، بەمەبەستی قەرزکردنی بڕی ٦ ملیار دۆلار، بۆ کۆمەککردنی ئابوری وڵاتەکەی.

عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، بە پەسەندکرنی پڕۆژە یاسای بودجە و پلانی خەرجییەکان، عێراق دەتوانێت بە پەلە داوای قەرزی دوو ملیار دۆلار دەکات لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، کە تەرخانکراوە بۆ ئەو وڵاتانەی کە بەهۆی فایرۆسی کۆرۆناوە ئابورییەکان تووشی قەیران بووە.

وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، دواتر عێراق دەتوانێت داوای ٤ ملیار دۆلاری دیکە قەرزی دیکە بکات، کە سودەکەی کەمە، ئەو قەرزەش پەیوەستە بە پرۆگرامەکانی چاکسازی حکومەت، ئەوەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەکارهێنانی دراوی یەدەگی بیانی وڵات.

لە ساڵی ڕابردوودا حکومەتی عێراق بڕی ٢٥ ملیار دۆلاری لە بانکی ناوەندیی قەرز کردووە، بە مەبەستی دابینکردنی موچەی کەرتی گشتی و پێداویستییە داراییەکانی دیکە.

لە کۆتایی وتەکانیدا وەزیری دارایی عێراق جەختیکردەوە، ڕێژەی کورتهێنانی بودجەی عێراق کەمدەبێتەوە بۆ ٢٥% لە ئەمساڵدا، ئەگەر بێتوو نرخی نەوت بەوشێوەیەی ئێستای لەسەرووی ٥٠ دۆلارەوە بمێنێتەوە.

بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڵابوونەوەی فایرۆسی کۆرۆناوە، ئابوری عێراق گورزێکی کاریگەریی بەرکەوت، بۆیە بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات پارەی پێویست دابین بکات بۆ موچە و خرەجی گشتی دەوڵەت.



ڕیکلام