وەزیری ئاوەدانکردنەوە پڕۆژەی پردی دەربەندی رانیەی بەسەرکردەوە

  2021-01-24  | 
سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەشێوەیەکی مەیدانی پڕۆژەی دروستکردنی پردی دەربەندی رانیە - بنگردی بەسەرکردەوە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا، دانا عەبدوکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رایگەیاند، "پڕۆژەکە لەئاستێکی باشدا ئەنجامدەدرێت چ لەروی کوالێتی پڕۆژەکە کە جێبەجێدەکرێت چ لەروی کاتی کارکردنەوە کە ٢٤ کاتژمێر کاری تێدا دەکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر بەم شێوازە کارکردن بەردەوام بێت چاوەڕوان دەکرێت پڕۆژەکە بەر لە وادەی دیاریکراوی خۆی تەواو بێت.

سەبارەت بە پڕۆژەی دوسایدی دوکان - چوارقوڕنە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە وتی، "ئەو پڕۆژەیە دو قۆناغە و قۆناغی یەکەمی زیاتر لە ٩٠٪‏ی تەواو بوەو کاری باشی تێدا دەکرێت و قۆناغی یەکەمیشی بەڵێندەر بەڵێنیداوە دەستبەکار بکاتەوە چونکە بودجە بۆ پڕۆژەکە تەرخانکراوە، ئەگەر لەکاتی خۆی دەستبەکارنەبو ئیشەکان بەباشی دەستپێنەکاتەوە بەپێی ئەو گرێبەستەی لەنێوانماندا ھەیە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت بەوشێوازەی لە بەرژەوەندی گشتی و ھاوڵاتیاندا بێت" .

-پردی دەربەند لە رۆژی ١٣/١٠/٢٠٢٠ بەردی بناغەی دانراوە، پڕۆژەکە لەسەر داوای دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بوو.

-درێژییەکەی (420م) و بەرزی ٢١مەتر و پانی ١٥ مەترە.

-بڕی زیاتر لە (11)ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.

-بودجەکەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دابینکراوە.

-یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو ئیدارەی راپەڕین بە سلێمانی دەبەستێتەوە.



ڕیکلام