کازمی بە تیرێک تورکیا و هەرێمی کوردستانیش دەپێکێت

  2021-01-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە دوای گەڕانەوەی خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ وڵاتەکەی، بەرپرسانی ئەنقەرە دەستیان بە لێدوان و هەڕەشە کردووە لە دژی عێراق و بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی هەرێمى کوردستانیشیان چڕتر کردووەتەوە.

ئەوەش بەپێى زۆربەى لێکدانەوەکان، ئاماژەیە بۆ ئەوەى تورکیا ئەنجامی سەردانەکەی خولوسی ئاکاری بۆ بەغدا بەدڵ نییە.

زانیارییە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن، تورکیا  چەند پێشنیازێکی لەبارەی دەرکردنی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان داوەتە بەرپرسانی باڵای عێراق  و داوای کردووە لەماوەی دوو مانگ کۆتایی بە بوونی پەکەکە لە شنگال بهێنرێت، یان رێگە بدات سوپای تورکیا خۆی هێرشبکاتە سەر ئەو ناوچەیە یان لەگەڵ عێراق ئۆپەراسیۆنی سەربازی بکەن و پەکەکە دەربکەن.

دوای گەڕانەوەی وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ وڵاتەکەی، دوای نوێژی هەینی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی هێرشکردنە سەر شنگال رایگەیاند "من هەمیشە وتەیەکم هەیە کە دەڵێم شەوێک لەناکاو دێین و ئێستا و رابردووش تورکیا ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش".

سەرەڕای تێکچوونی بارودۆخی سیاسی و ئابوریی، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هەوڵدایە سنورێک بۆ هێرش و هەڕەشەکانی تورکیا دابنێت، ئەویش لە رێگەی بەکارهێنانی کارتەکانی لە دژی ئەو وڵاتە.

ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، یەکێک لەو خاڵانەی وەزیری نەوت لە کۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەکەیان باسی کردووە، ئەو سکاڵایە بوو کە عێراق لە پاریس لە دژی وڵاتی تورکیا تۆماری کردووە و داوای 2٦ ملیار دۆلاری لێ دەکات کە پێشتر عادل عادل عەبدولمەهدی سکاڵاکەى وەستاندبوو، بەڵام دووبارە دەستیان پێکردووەتە و بڕیار وایە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا یەکلایی بکرێتەوە.

ساڵی 2014 حکومەتی عێراق دژی هاوکاریکردن و رێگەدان بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی پاریس سکاڵای لە دژی تورکیا تۆمارکرد، بڕیار بوو ساڵی 2019 سکاڵاکە یەکلابێتەوە، بەڵام لەسەر داوای عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق سکاڵاکە راگیرا.

جگە لە راگرتنی هەناردەی نەوت، عێراق دەیەوێت هەموو گرێبەستەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان رابگیرێت، بۆ ئەوەش زۆربەی بەرپرسانی عێراق دڵنیان لەوەی دۆسییەکە لەبەرژەوەندی عێراق یەکلایی دەبێتەوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، هەناردەی نەوتی هەرێم ناگونجێت لەگەڵ رێكەوتنی عێراق و توركیا لەبارەی بۆرییەكانی گواستنەوەی نەوتی كەركوك- جیهان کە لە ساڵی 1973ەوە ئیمزا كراوە و دواجار لە ساڵی 2010 هەمواركراوەتەوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق  جەخت لەوە دەکاتەوە بەپێی رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكانیش گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە بەبێ رەزامەندی حكومەتی عێراق پێشێلكارییە .

ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات تورکیا لەو بارەوە دەبێت لەگەڵ عێراق رێکبکەوێت.

ئەگەر تورکیا هەڕەشەی بەرنەدانەوەی ئاو  و هێرشی سەربازی لە عێراق بکات، ئەوا عێراقیش جگە لە سکاڵاکەی لە پاریس، کارتی دیکەی بەهێزی دژی تورکیا لە بەردەستدایە، دەتوانێت ئاراستەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تورکیاوە بگوازێتەوە بۆ ئوردن بەوەش زەربەیەکی ئابووری گەورە لەو وڵاتە دەدات.

کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دوو ڕۆژ دواى سەردانەکەی بۆ تورکیا، گەیشتە ئوردن.

یەکێک لەو تەوەرانەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە گفتوگۆی لە بارەوە کردووە، پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوانیان بووە بەتایبەت گۆڕینی ئاراستەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە بەندەری جەیهانەوە بۆ بەندەری عەقەبەی ئوردن کە لەساڵی 2017 رێککەوتنیان لەبارەوە ئیمزا کردووە.

مستەفا کازمی دەتوانێت لە رێگەی جوڵاندنەوەى داواکەی دژی تورکیا و گواستنەوەی ئاراستەی هەناردەکردنی نەوت، گوشاری ئابووریی لەسەر ئەو وڵاتە دروست بکات، هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت یان داهاتەکەی بداتەوە حکومەتی ناوەندی عێراق.

نوێنەرانی کورد لە بەغدا داوا دەکەن پێش ئەوەی رێککەوتن لە نێوان عێراق و تورکیا بکرێت، هەرێم لەبارەی نەوت و بودجە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی رێکبکەوێت بۆ ئەوەی وەک یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی نەکات و کارتەکانی دانوستاندنی نەسووتێنت و دوای رێککەوتنەکە بچێت بۆ گفتوگۆ.



ڕیکلام