دوای هێرشە خوێناوییەکەی بەغدا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی داعش دەکاتە ئامانج

  2021-01-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی حەشارگەیەکی داعشیان لە چیای حەمرین کردە ئامانج.

شانەی جەنگی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، هێرشە ئاسمانیەکەی هاوپەیمانان یەکێک لە ئەشکەوتەکانی لە زنجیرە چیای حەمرین لەنێوان پارێزگاکانی دیالە و سەلاحەدین کردوەتە ئامانج .

ئاماژەی بەوەشكردووە، کۆمەڵێک لە تیرۆرستان ئەو ئەشکەوتەیان بۆ خۆیان حەشاردان و مانەوە بەکار‌هێناوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، دوای گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان بۆ ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج، ژمارەی کوژراوەکانی چەکدارانی داعش ئاشكرادەکرێن.

ئەم هێرشەی هاوپەیمان دوای چەند ڕۆژێک دێت لە دوو تەقینەوەکەی بەغدای پایتەخت کە بەهۆیەوە 32 کەس کوژران و زیاتر لە 100 کەسیش برینداربوون کە هەموویان هاوڵاتی سڤیل بوون.

هەروەها ئێوارەی ڕۆژی شەممەش بۆ یەکەمجار دوای سێ ساڵ، چەکدارانی داعش 11 ئەندامی هێزەکانی حەشدی شەعبیان لە نزیک شاری تکریت کوشت.



ڕیکلام