بافڵ تاڵەبانی: دەمانەوێت لەناوچە دابڕاوەكان وەك كورد بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردن بكەین

  2021-01-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند حزبەكەی دەیەوێت لە ناوچە دابڕێندراوەكان وەك كورد بە یەكدەنگی و یەك هەڵوێستی بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو بكەن.

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە لە دەباشان پێشوازیكرد لە ئاشلی دوریك، لێپرسراوی نوسینگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا لە هەرێمی كوردستان.

لە دیدارەكەدا جەخت لە فراوانكردنی هاریكاری و هاوكارییەكانی كەنەدا كرایەوە بە تایبەت لە مەشقپێكردنی هێزی پێشمەرگە و رێكخستنەوەی یەكە سەربازییەكان لەچوارچێوەی پشتیوانییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر.

هاوسەرۆكی یەكێتی ئاشكراشیكرد حزبەكەی خواستیەتی بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق "لە ناوچە دابڕێندراوەكان وەك كورد بە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی بەشداری بكەین و یەكڕیزی نیشتمانی بپارێزین".

بافڵ تاڵەبانی باسی هەڵوێست و بڕیاری حزبەكەی لەبارەی رێگاچارەكانی تێپەڕاندنی دۆخی ئێستا كرد، بۆ ئەوەش بنیادنانی دیالۆگی نیشتمانیی لەنێوان هێزەكانی هەرێم و عێراق بە پێویست زانی و داوایكرد نوێنەری وڵاتان پشتگیری ئەم هەوڵانە بكەن و هاوكاربن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە.
 
لەو دیدارەدا باسی لە دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزی لە هەرێم كرد و بە فاكتەری بەهێزتركردنی قەوارەی هەرێم و زیاتر خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك وەسفیكرد.


ڕیکلام