هێزەکانی پۆلیسی سلێمانی تەقەکەرێکیان دەستگیرکرد کە لەگەڕەکی چوارباخ تەقەی کردبوو.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لەچوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی تەقە دەکەن و ئارامیی و هێمنیی شار دەشێوێنن و ترس و دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتیان دروستدەکەن، هێزەکانی پۆلیس تەقەکەرێکیان دەستگیرکرد کە لەگەڕەکی چوارباخی شاری سلێمانی تەقەی کردبوو".
روونیشیکردووەتەوە، لەو هەڵمەتانەدا کە بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر بەڕێوەچووە، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ڕزگاری تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە لەگەڕەکی چوارباخ تەقەی کردبوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەدا، دەستیشگیراوە بەسەر ئەو دەمانچەیەی کە تەقەی پێکردبوو لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکەیدا .
ئاشکراشیکردووە، تۆمەتبارەکە ناوی (م، ع) و لەدایکبووی (١٩٩٠)یە و لەئێستادا بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە .
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی راشیگەیاندووە، هاوڵاتیان دڵنیادەکەینەوە کە ئەم هەڵمەتانە لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەردەوام دەبن و ڕێگە بەهیچ کەسێک نادرێت ئارامیی و ئاسایشی هاوڵاتیان تێکبدات.