ژمارەی کوژراوانی داعش لە دەورووبەری کەرکوک بۆ 10 چەکدار بەرزبووەوە

  2021-01-27  | 
کەرکوک
 سۆران عەبدولکەریم
ئاماری کوژراوانی داعش لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنی هێزە عێراقییەکان و فڕۆکەی هاوپەیمانان لە باشوری رۆژئاوای کەرکوک، بۆ 10 کوژراو بەرزبووەوە.

لەسەر بنەمای زانیاری نهێنی هەواڵگری عێراقی و بە هاوکاری پێنج فڕۆکەی جەنگی هاوپەیمانان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ی١ی٢٠٢١، ژمارەیەک چەکداری داعش کوژران کە هەوڵی نانەوەی پشێویان لەنێو کەرکوک داوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی پارێزگای کەرکوک، لەچەند کاتژمێری ڕابردوودا فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان پێنج جار پێگەکانی داعشیان لەدەورووبەری کەرکوک بۆردومانکردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، هاوکات هێزە عێراقییەکان ئۆپراسیۆنێکی زەمینیی فراوانیان بۆ سەر چەکدارانی داعش لە باشوری رۆژئاوای کەرکوک ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک چەکداری داعش کوژراون و دەستیشگیراوە بەسەر بڕێکی زۆر چەک و کەلوپەلی سەربازی داعشدا.

هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەمڕۆ ڕێکخراوی داعش گورزی کەمەرشکێنی بەرکەوتووە کە لە ئەنجامی ئەو هێرشانە 10 چەکداری ئەو گروپە کوژراون و چەندین ئۆتۆمبێلی ئامادەکراو بۆ تەقاندنەوە و تونێلی پڕ لە چەک خاپورکراون  وتەقێنراونەتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە ئۆپراسیۆنەکەی ئەمڕۆدا، کەڵک لە زانیاریەکانی دەزگای هەواڵگری عێراقی وەرگیراوە و بەشێک لە بۆڕدومانەکان لە نزیک زنجیرە چیاکانی حەمرین بووە و بەشێکی دیکەش لەنزیک گوندی تامور بووە لە باشوری ڕۆژئاوای کەرکوک.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردبووەوە، لە درێژەی ئۆپراسیۆنەکانی "تۆڵەی شەهیدان"، ئەمڕۆ هێزەکانیان لە دەوروبەری کەرکوک ٤ سەرکردەی داعشیان کوشتووە.



ڕیکلام