بارزانی: ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی ڕۆڵە قارەمانەكانی گەلی كوردستان تێكشكا

  2021-01-27  | 
هەولێر
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی پەیامێکی لە بارەی کورتە فیلمە ئێرانییەکەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی ڕۆڵە قارەمانەكانی گەلی كوردستان تێكشكاوە.

دەقی پەیامەکەی مەسعود بارزانی:

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

ماوەیەكە لە هەندێ ناوەندی ئیعلامی و سیاسی باسی شەڕی داعش دەكرێت. لێرەدا ڕاستییەك هەیە ناكرێ چاوپۆشی لێ بكرێ، داعش دیاردەیەكە كە دوژمنی سەرجەم مرۆڤایەتییە و، شەڕكردن لەگەڵ داعش شەڕێكی ئاسان نییە چونكە بەرەیەكی بەرفراوان و هەمەلایەنە و، لایەنێكیش بە تەنیا ناتوانێ داعش تێكبشكێنێت. ڕیشەكێشكردنی داعش هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هەموو لایەك و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە .

كاتی خۆی لە شەڕی داعشدا ئێمە سوپاسی هاوپەیمانان و ئەمەریكامان كرد كە یارمەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان داوە. سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەشمان كرد كە بە جۆرێك بەشداربوونە لە شەڕی داعش و یارمەتیی پێشمەرگەیان داوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هەموو لایەك ئەوە بزانن كە ئەوەی لەسەر ئەرزی واقعدا بە خوێن و قوربانیدانی خۆی، كوردستانی لە هەڕەشەی داعش پاراست، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو. هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ ئەو حەقیقەتە بشارێتەوە كە ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی ڕۆڵە قارەمانەكانی گەلی كوردستان تێكشكا .

مسعود بارزانی

٢٧ـی كانوونی دووەمی ٢٠٢١



ڕیکلام