قارەمان شوکری بەرەو چارەنووسێکی نادیار

  2021-01-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هێزێکی ئەمنی دەمامکدار لە کۆمەڵگەی سیرێی سەربە شیلادزێ هەڵیانکوتایە سەر ماڵی رۆژنامەنووس قارەمان شوکری و دەستگیریان کرد.

دایکی دەڵێت، ئەگەر بە بەرچاوی منەوە ئاوا ئەشکەنجەی بدەن ئەبێ لە زیندان چی لێی بکەن؟ برایەکیشی رەنخنە لە شێوازی دەستگیرکردنەکەی دەگرێت:

چارەنووسی قارەمانیش چووە ریزی چارەنووسی ئەو رۆژنامەوان و چالاکوانانەی کە لە هێزە ئەمنییەکانی سنوری بادینانەوە دەستگیرکراون.

کەسوکارەکەی ئاماژە بەوە دەکەن ئەو هێزەی قارەمانیان دەستگیرکردووە 5 ئۆتۆمبێلیان پێبووە، لە بازاڕیش چوونەتە شوێنى کارەکەى و کلیل و قوفڵیان شکاندووە، کۆمپیتەر و مۆبایلەکەیان بردووە .

قارەمان شوکری وەک رۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەر کاریکردووە و خاوەنی خەڵاتی وەدات حسێنە بۆ ئازادیی ڕۆژنامەگەریی لە ساڵی 2020ەوە پێی بەخشراوە، پێشتریش بەهۆی بەشداری کردن لە خۆپیشاندانەکەی شیلادزێ دوو جارى دیکە دەستگیرکراوە.

دەستگیرکردنی ئەو رۆژنامەنووسە تەنیا رۆژێک دوای لێدوانێکی گولستان سەعید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمان دێت کە رایگەیاند بوو.

ژمارەى دەستگیرکراوانى بادینان نزیکەى (70) کەسە و پێویستە بە زوترین کات ئازاد بکرێن.

وتیشی، "ئەگەر کەسێک بەبەڵگەوە بووەتە هۆى مەترسى لەسەر ئەمنیەتى وڵات پێویستە بەبەڵگەوە بخرێتە روو بۆ پەرلەمان و دادگا و رای گشتى، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ناکرێت هەرێمى کوردستان یەکێک لە شانازییەکانى بەرووى دەرەوەدا ئەوەبێت کە رێز لە مافەکانى مرۆڤ و ئازادى رادەربڕین دەگرێت، بەڵام لەسەر هەمان بابەت خەڵک بخاتە زیندانەوە و چارەنووسیشیان بە نادیارى بهێڵێتەوە و کەسوکاریان ئاگاداری ڕەوشی ژیانیان و ھەواڵیان نەبن.

جگە لەو ئامارەی گوڵستان سەعید ئاماری دیکەش هەن و ئاماژە بەوە دەکەن،  تەنیا لە چوار مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو 320 کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بادینانەوە دەستگیرکراون و تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆریان لە زینداندا ماونەتەوە.

ئەو پرسەش کاریگەری خراپی کردووەتە سەر ناوبانگی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لای رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لەوبارەوە چەند جارێک رەخنەی توندیان گرتووە.

دەستگیرکردنی قارەمان شوکری دوای چەند رۆژێک دێت لە کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەنتەری میترۆ کە لە کۆبوونەوەکەدا

نێچیرڤان بارزانى داوای لە ستافەكەی كرد بوو بە دواداچوونی خێرا بكەن بۆ هەر كەسێك كە لەسەر بیروڕای جیاواز، نووسین یان رۆژنامەگەری دەستبەسەرە، رایگەیاندبوو"من لەگەڵ ئەوە نیم هاوڵاتی لەسەر شێوازی بیركردنەوەی لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت و ئازار بچێژێت "

لە شەش مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو لە سنوری سلێمانی و دەوروبەری چەند جارێک خۆپیشاندان و گردبوونەوە دژی دواکەوتنی موچە ئەنجامدرا، و خەریک بوو ناڕازایەتییەکان دەگوازرانەوە بۆ دهۆک، دەزگا ئەمنییەکانیش بۆ رێگرتن لە هەر ناڕەزایەتییەک، کەوتنە دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس وچالاکوانان، پرۆسەکەش تاوەکو ئێستا بەردەوامە.

پرۆسەی دەستگیرکردنەکان لە مانگی ئابەوە دوای داواکەی مامۆستا بەدەل بەرواری بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان دژی دواکەوتنی موچە دەستیپێکردووە، وەک چالاکوانانى دهۆک دەڵێن هەر لەگەڵ نیەتى ئەنجامدانى خۆپیشاندان مامۆستا بەدەل و دەیان کەسى دیکە خۆیان لە زیندانەکاندا بینییەوە.



ڕیکلام