بە ڕەزامەندی کازمی کۆمپانیای کار دوو وێستگەی کارەبای لە باشوری عێراق کڕیوە

  2021-01-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە بە فرۆشتن و بەناوەوە کردنی دوو وێستگەی کارەبای باشوری عێراق بە کۆمپانیا کار

بە گوێرەی بەڵگەنامەیەک کە میدیا ناوخۆییەکانی عێراق دزەیان پێکردووە، ئاماژە بەوە دەکات وەزارەتی کارەبا نوسراوێکی ئاراستەی نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران کردووە، کە وەزارەتەکە رەزامەندی کازمی بە دەستهێناوە بۆ بەناوکردنی هەردوو وێستکەی کارەبای  (رومێلە و شەت بەسرە/دۆرە) بۆ کۆمپانیای کار، دوای هەڵسەنگاندنی بەهاکانیان لەلا یەن کۆمپانیا ناسراوەکانی جیهانەوە.

بە گوێرەی بەڵگەنامەکە، ئەو دوو وێستگەیە بە دۆخی ئێستایانەوە فرۆشراوە بە کۆمپانیای کار، لە بەرامبەریشدا کۆمپانیای ناوبراو هەڵدەستێت بە بنیاتنانی وێستگەیەکی کارەبا لەبەرامبەر بەهای ئەو دوو وێستگەیەدا، لە هەر شوێنێک کە وەزارەتی کارەبای عێراق دەستنیشانی بکات.

بەو هۆیەشەوە وەزارەتی کارەبا داوای لە نوسینگەی سەرۆک وەزیران کردووە، ئالیەتی مامەڵەکردنی پێبدات بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر.

دوای ئاشکرابوونی ئەو بەڵگە نامەیەک ئەیاد سەماوی نوسەری دیاری عێراق لەوبارەیەوە نوسیوویەتی، قسەکانی رووی لە کازمی و حکومەت و وەزارەتی کارەبا نییە، کە حکومەتیان کەوڵکردووە، بەڵکو پەیامەکەی ئاراستەی ئەو پێنج کەسەیە کە کازمیان کردە سەرۆک وەزیران و ئێستاش هەڵدەستێت بە جێبەجێکردنی پیلانی فرۆشتنی موڵک و ماڵ ی دەوڵەت بە تاڵانکردن و کەوڵکردن.

دواتر ڕووی دەمی دەکاتە پەرلەمان و مەرجەعەیەتی ئاستی، بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان هەڵبڕن، لە کۆتایشدا ڕووی کردووەتەوە گەلی عێراق و کە بەدەست ئەم چیتە دەسەڵاتدارە کەندەڵەوە گیری خواردووە، ئایا لە کازمیتان پرسیوە بەهانەی فرۆشتنی ئەو دوو وێستگە کارەباییە چییە، ئایا لەکارکەوتوون و چیتر بەکەڵک نەماون.

سەماوی پرسیاری ئەوەشی کردووە، ئایا بایەخ و گرنگی فرۆشتنی دوو وێستگە و لە جیاتیان وێستگەیەکی دیکە بنیات بنرێت چییە؟ ئایا نرخی ئەو وێستگەیە چەندە دوای لابردنی بەهای کەموکوڕییەکانیان، بە تایبەت هەردوو وێستگەکە هێشتا لە کارکردندان، پاشان حیکمەت چییە دواتر بە پارەی فرۆشتنی کارەبا بە هاوڵاتیان وێستگەیەکی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا بنیات دەنرێت.

 



ڕیکلام