قارەمان شوکری بەرەو چارەنووسێکی نادیار

  2021-01-30  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هێزێکی ئەمنی دەمامکدار لە کۆمەڵگەی سیرێ سەربە شیلادزێ هەڵیانکوتایە سەر ماڵی رۆژنامەنووس قارەمان شوکری و دەستگیریان کرد.


دایکی دەڵێت، ئەگەر بە بەرچاوی منەوە ئاوا ئەشکەنجەی بدەن ئەبێ لە زیندان چی لێی بکەن؟ برایەکیشی رەننە لە شێوازی دەستگیرکردنەکەی دەگرێت.

چارەنووسی قارەمانیش چووە ریزی چارەنووسی ئەو رۆژنامەوان و چالاکوانانەی کە لە هێزە ئەمنییەکانی سنوری بادینانەوە دەستگیرکراون.

کەسوکارەکەی ئاماژە بەوە دەکەن ئەو هێزەی قارەمانیان دەستگیرکردووە 5 ئۆتۆمبێلیان پێبووە، لە بازاڕیش چوونەتە شوێنی کارەکەی و کلیل و قوفڵیان شکاندووە، کۆمپیتەر و مۆبایلەکەیان بردووە.

قارەمان شوکری وەک رۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەر کاریکردووە و خاوەنی خەڵاتی وەدات حسێنە بۆ ئازادیی ڕۆژنامەگەریی لە ساڵی 2020ەوە پێی بەخشراوە، پێشتریش بەهۆی بەشداریكردن لە خۆپیشاندانەکەی شیلادزێ دوو جاری دیکە دەستگیرکراوە.

دەستگیرکردنی ئەو رۆژنامەنووسە تەنیا رۆژێک دوای لێدوانێکی گوڵستان سەعید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمان دێت کە رایگەیاند بوو، ژمارەی دەستگیرکراوانی بادینان نزیکەی (70) کەسە و پێویستە بە زوترین کات ئازاد بکرێن.

وتیشی "ئەگەر کەسێک بەبەڵگەوە بووەتە هۆی مەترسی لەسەر ئەمنیەتی وڵات پێویستە بەبەڵگەوە بخرێتە روو بۆ پەرلەمان و دادگا و رای گشتی، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ناکرێت هەرێمی کوردستان یەکێک لە شانازییەکانی بەرووی دەرەوەدا ئەوەبێت کە رێز لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین دەگرێت، بەڵام لەسەر هەمان بابەت خەڵک بخاتە زیندانەوە و چارەنووسیشیان بە نادیاری بهێڵێتەوە و کەسوکاریان ئاگاداری ڕەوشی ژیانیان و ھەواڵیان نەبن.

جگە لەو ئامارەی گوڵستان سەعید ئاماری دیکەش هەیە و ئاماژە بەوە دەکەن،  تەنیا لە چوار مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو 320 کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بادینانەوە دەستگیرکراون و تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆریان لە زینداندا ماونەتەوە.

ئەو پرسەش کاریگەری خراپی کردووەتە سەر ناوبانگی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لای رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لەوبارەوە چەند جارێک رەخنەی توندیان گرتووە.

دەستگیرکردنی قارەمان شوکری دوای چەند رۆژێک دێت لە کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەنتەری میترۆ کە لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی داوای لە ستافەكەی كرد بوو: بە دواداچوونی خێرا بكەن بۆ هەر كەسێك كە لەسەر بیروڕای جیاواز، نووسین یان رۆژنامەگەری دەستبەسەرە، رایگەیاندبوو"من لەگەڵ ئەوە نیم هاوڵاتی لەسەر شێوازی بیركردنەوەی لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت و ئازار بچێژێت"

لە شەش مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو لە سنوری سلێمانی و دەوروبەری چەند جارێک خۆپیشاندان و گردبوونەوە دژی دواکەوتنی موچە ئەنجامدرا، و خەریک بوو ناڕازایەتییەکان دەگوازرانەوە بۆ دهۆک، دەزگا ئەمنییەکانیش بۆ رێگرتن لە هەر ناڕەزایەتییەک، کەوتنە دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس وچالاکوانان، پرۆسەکەش تاوەکو ئێستا بەردەوامە.

پرۆسەی دەستگیرکردنەکان لە مانگی ئابەوە دوای داواکەی مامۆستا بەدەل بەرواری بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان دژی دواکەوتنی موچە دەستیپێکردووە، وەک چالاکوانانی دهۆک دەڵێن هەر لەگەڵ نیەتی ئەنجامدانی خۆپیشاندان مامۆستا بەدەل و دەیان کەسی دیکە خۆیان لە زیندانەکاندا بینییەوە.


ڕیکلام