ڕاوێژکاری خامنەئی: پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق گەشەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت

  2021-01-31  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕاوێژکاری عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، گەشبینە بە داهاتووی عێراق و جەختیکردەوە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق گەشەی زیاتر بە خۆیانەوە دەبینن.

ویلایەتی لە میانی پێشوازیکردن لە جینین هینیس بلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق  ڕایگەیاند، پێیوستە وڵاتانی بیانی و بیانییەکان دەستوەردان نەکەن لە کاروباری عێراقدا.

ڕاوێژکاری خامنەئی لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق و گەلی عێراقی مەزن ئەوانن کە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن، چونکە ئەم گەلە خاوەنی کلتورێکی قوڵە و پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ عێراق زۆر فراوان و قوڵ و برایانەیە.

دەربارەی هەڵبژاردنەکانیش عێراقیش ویلایەتی ئاماژەی بەوەکرد، هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵبژاردنی نوێ دەبن و گەلی عێراق لە توانایدایە بەسەر کێشەکاندا سەرکەوێت و پێیان وایە بارودۆخی عێراق ئێستا لە ڕابردوو باشترە، چونکە وڵاتەکە خاوەنی توانا و وزەیەکی گەورەیە، لە رووی ئابوری و کلتوری و مێژووییەوە لە نێوان دەوڵەتانی ناوچەکەدا.

لە لایەکی بلاسخارت ئاماژەی کرد بە ڕۆڵی گەلی عێراق و مەرجەعیەتی ئایینی لە عێراق، جەختیشیکردەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد لە عێراقدا.

هاوکات لە دیدارەکەی نێوان ویلایەتی و بلاسخارت بیروبۆچون ئاڵوگۆڕ کرا سەبارەت بە بابەتە هەرێمایەتییەکان.



ڕیکلام