مانگی ڕابردوو داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراق زیادیکردووە

  2021-02-01  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا بڕی ٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەی بازاڕەکانی وزەی جیهان کردووە و بڕی زیاتر لە ٤ ملیار دۆلاری داهات بۆ خەزینەی دەوڵەت گلداوەتەوە.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویکردەوە، لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا بە دیاریکراوی بڕی ٨٨ ملیۆن و ٩٢٢ هەزار و ٦٩٧ بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە کردووە، بەوەش بڕی ٤ ملیار و ٧٣٩ ملیۆن و ٨٢ دۆلار داهاتی بۆ خەزینەی دەوڵەت گلداوەتەوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، ناوەندی هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی خاو دوو ملیۆن و ٨٦٨ هەزار بەرمیل بووە، بە نرخی ٥٣ دۆلار و ٢٩ سەنت بۆ هەر بەرمیلێک.

ئەوەش لە کاتێکدایە بە بەراورد بە مانگی ڕابردوو، داهاتی نەوت زیادیکردووە، و نزیکەی ٥٠٠ هەزار دۆلار زیاتر لەچاو مانگی ڕابردوودا داهاتی نەوت زیادیکردووە.

مانگی ڕابردوو هەر بەرمیلێک نەوت بە ٤٧ دۆلار و ٨٦ سەنت فرۆشراوە، لە کاتێکدا ئەم مانگە بە زیاتر لە ٥٣ دۆلار فرۆشراوە.

 



ڕیکلام