نەتەوە یەکگرتووەکان: 120 هەزار ئاوارەی سوریا ململانێی مردن دەکەن

  2021-02-01  | 
دۆسیە:  سوریا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ١٢٠ هەزار پەنابەر لە کامپەکانی باکوری سوریا، لە دۆخێکی زۆر نالەباردان، بەهۆی بارانبارین و بای ساردەوەلە ململانێدان بۆ مانەوە لە ژیان.

نوسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان دۆخەکەی بە کارەستبار ناوبرد، ئاماژەی بەوەشکرد، کارمەندان و کرێکارەکانی بواری فریاگوزاری لە ناوچەکە، ٢٤ کاتژمێر لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ کردنەوەی ڕێگای کامپەکە کە بە قوڕ و لیتە و پاشماوەی فڕێدراو گیراوە، بۆ ئەوەی بتوانن کۆمەک بگەیەنە ئەو کەسانەی لەو دۆخە کارەستبارەدان.

وتەبێژی نوسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بارانی بەخوڕ و هەڵکردنی بایەکی بەهێز، زیانی زۆری گەیاندووە بە نزیکەی ٢١٧٠٠ خێمە، کە بە دەیان هەزار کەسی تیا نێشتەجێکراوە لە ٣٠٠ ناوچە، بەهۆی ئەو دۆخەشەوە منداڵێک گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی زیاتر دۆخەکەی قورستر کردووە، کەلوپەلی خۆراکی و ناوماڵی ئاوارەکانی ناو کامپەکە ئاو بردوونی و زۆربەی تەڕ بوون، بەوەش دۆخی دانیشتوانەی بە تەواوی خراپبووە.

ڕوونیشیکردەوە ئەوانەی زیاتر مەترسی لەسەر ژیانیان دروستبووەن کەسانی بە تەمەن و ژنی دووگیان و منداڵ و نەخۆشە، کە بەهۆی قور و لیتەوە گەیشتن و کۆمەک گەیاندن پێیان زۆر ئەستەم بووە، بە تایبەت پلەکانی گەرما لە زۆربەی کامپەکان نزمبووەتەوە بۆ ژێر سفری سیلیزی.

  



ڕیکلام