دوای بینینی بارزانی، ئومێد خۆشناو دەبێتە کاندید بۆ پارێزگاری هەولێر

  2021-02-02  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای بینینی مەسعود بارزانی ئومێد خۆشناو دەبێتە كاندیدی پارتی بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر و لە ئێستاشدا سێ كەس بۆ شوێنگرتنەوەی لە سەرۆكایەتی فراكسیۆنی پارتی سێ كەس خۆیان كاندید كردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان وێنەیەكی خۆی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی حزبەكە بڵاوكردووەتەوە لەسەری نوسیویەتی "ئەوڕۆ لە سەری بڵند لە خزمەت سەرۆك‌ و پێشمەرگە".

بەگوێرەی زانیاری میدیاکانی پارتی  كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەولێر لە شوێنی كۆچكردوو فەرسەت سۆفی.

 پێشتریش بۆ جێگرتنەوەی فرسەت سۆفی ناوی هەریەكە لە عەلی رەشید، نەبەز عەبدولحەمید، موسا ئەحەمەد و ئەحمەد كانی بۆ ئەو پۆستە هاتبوو.  

رۆژی 19-10-2020، بەڕێوەبەری نوسینگەی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، دوای ئەنجامدانی پشكنین دەركەوت كە فرسەت سۆفی تووشی كۆرۆنا بووە، دواتر بەهۆی خراپیی دۆخی تەندروستی بەرەو دەرەوەی وڵات بەڕێكرا. دوای ماوەیەكی زۆر لە نەخۆشكەوتنی، بەرەبەیانی رۆژی 18-11-2020 لە دەرەوەی وڵاتی كۆچی دواییكرد.

لە ئێستادا پۆستی پارێزگاری هەولێر بە وەكالەت لەلایەن جێگرەكەیەوە بەڕێوە دەبرێت كە ماوەی زیاتر لە دوومانگ و نیوە، پێشتریش پارتی رایگەیاندبوو دوای تێپەڕینی 40ی پارێزگاری پێشوو كاندیدیان بۆ ئەو پۆستە دیاری دەكەن. 

لە ئێستادا هەریەكە لەرێبوار بابكەیی و لیزا فەلەكەدین كاكەیی و عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی خۆیان كاندید كردووە بۆ سەرۆكایەتی فراكسیۆنی پارتی، دوای وازهێنانیشی لە ئەندامێتی پەرلەمان هەڵكەوت لالە ئەنوەر شوێنی دەگرێتەوە.  


ڕیکلام