هەشتی حەسارۆک؛ بیابانێک لەناو پایتەختدا

  2021-02-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئایا دەزانن گەڕەکێک هەیە ١٨ ساڵە زەوییەکانی دابەشکراوە کەچی تا ئێستا هیچ خزمەتگوزارییەکی بۆ نەکراوە؟ تا ئێستا بیستووتانە زەوییەک تاپۆ بێت، بەڵام خاوەنەکەی نەتوانێت بلۆکێک بخاتە سەر بلۆکێک؟

بەڵێ شوێنێک هەیە لە هەولێر ناوی کەرتی هەشتی حەسارۆکە، ڕووبەرێکی فراوان و بێ خزمەتگوزاری و چواردەورەکەشی هەموو باڵەخانە و بینای بازرگانییە.

کێشەی ئەو گەڕەکەی هەولێر بۆتە مەتەڵێک، نە حکومەت وەڵامێکی پێیە نە خاوەنەکانیشی دەتوانن سەری لێدەربکەن.

لەگەڵ ئەوەی خاوەنەکانیان ناتوانن دەست لە زەوییەکانیان بدەن کەچی حکومەت ساڵانە ٤٠٠ هەزار دینار وەک باج لە هەر پارچە زەوییەک وەردەگرێت، جگە لەو پارەیەی لە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی زەوی دەستیدەکەوێت، کە بەوتەی خاوەنەکانیان حکومەت دەیتوانی بەو پارەیە خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکەکە دابینبکات.

بیانووی حکومەت بۆ ڕێگەپێنەدان و ڕاکێشانی خزمەتگوزاری نەبوونی ئاوە لەو ناوچەیە، بەڵام هەندێک گومان و دەڵین هۆکاری دیکەی لە پشتە.

گەڕەکی هەشتی حەسارۆک لە ١٧ هەزار پارچە زەوی پێکهاتووە  و نزیکەی ٩ هەزاریان خاوەنەکانیان کرێنشینن. لە ئێستادا نرخی پارچە زەوییەکی ٢٥٠ مەتری نزیکەی ٣٥ هەزار دۆلارە لەکاتێکدا پێشتر نرخەکەی لەنێوان پەنجا بۆ ٦٠ هەزار دۆلار بووە.

تا ئێستا چەند چارەسەرێک بۆ کێشەی گەرەکی هەشتی حەسارۆک خراونەڕوو بەڵام هیچیان پارێزگای هەولێری ڕازینەکردووە. خاوەن زەوییەکان دەڵێن، ئەوان ئامادەن لەبەرامبەر دابینکردنی خزمەتگوزاری بڕێک پارە بدەنە حکومەت.

وەک ئەوەی دانیشتووانی گەڕەکی پێنجی حەسارۆک دوای هەشت ساڵ چاوەڕوانی حکومەت ئەنجامیاندا کاتێک بە پارەی گیرفانی خۆیان ڕێگای سەرەکی گەڕەکەکەیان قیرتاوکرد.

حکومەت و پارێزگاری هەولێریش جگەلەوەی بەردەوام بەڵێنی چارەسەر بە خاوەن زەوییەکان دەدەن، بەڵام ئەوەی ڕوونە چاوەڕێی باشبوونی دۆخی دارایی هەرێم دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێریش پڕۆژەی خۆی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و دەڵێت وەک نەوت بەرامبەر خۆراکە. سەرۆكی ئەنجومەنەكە دەشڵێت دەكرێت سود لەو پڕۆژەیە وەربگرین و زەویە خزمەتگوزاریەكانی ئەو ناوچەیە لە بەرامبەر خزمەتگوزای گەڕەكەكە بدرێتە كۆمپانیا. 
 


ڕیکلام