کورد و شارستانییەت

  2021-02-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
(ھەندێ بیرۆکە بۆ بابەتێکی گرنگ)

ڕێبوار سیوەیلی

بەشی یەکەم
سەرەتا:

ئەم وتارە لە درێژەی وتاری پێشوومدایە بەناوی: (شوناسی نەتەوەیی کورد)، کە حەز دەکەم خوێنەر و ھاوڕێیانی ئەم فەیسبووکە، بە ھەدادانەوە لەگەڵ ئەم زنجیرە وتارەمدا بێن، کە لێرە وەک بەرگرینامەیەک لە شارستانییەتی کورد و لە کوردبوون وەک ئاستێکی بوون، پێشکەشیان دەکەم.. 

١. ھەست بە ئاستێکی بێئاگایی زۆر دەکەم، کە بەجۆرێ قسە لەسەر نەتەوەی ئێمە دەکات، وەکئەوەی لەدەرەوەی شارستانییەت بین. لەوەش ناخۆشتر ئەو کوردانەن کە زۆر بێباکانە قسەی دوژمنانی نەزان دەڵێنەوە و ئێمەش لە ئاستیاندا بێدەنگین. چ ئەوانەی نەزانانە دەیانەوێت نەتەوایەتی و مرۆڤبوونی ئێمە لە نەزانیی خۆیانەوە بشێوێنن و چ ئەوانەش تووتیئاسا و لە نەیارانیش نزمتر ئەو قسانە لەسەر نەتەوەی خۆیان دووبارە دەکەنەوە، جێی مەبەستی من نین و بە پێویستی دەزانم لەسەر ئەو جۆرە بۆچوون و قسانەیان ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی بکرێنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا من ھەوڵدەدەم لەدژی ئەو بێئومێدکردنە لە کوردبوون بدوێم، کە نەیارانی نەزان دەیخەنە سەر زاری نەزانانی خۆمان. ڕەشبینکردنی کەسەکان و کۆمەڵگەیەک کە تیایدا دەژین و ژیانمانی لەسەر بەندە، درێژەپێدەری ھەمان سیاسەتی کۆڵۆنیاڵیستیی و سیاسەتی داگیرکاری و ئێستاش بۆتە چەکێک بەدەستی ئایدیۆلۆژیای ئایینییەوە، کە مرۆڤ لەسەر سووکایەتی بە نەتەوە و کوردبوون ڕادەھێنێت و کوردبوون دەخاتە پێش باوەڕدارییەوە. بەڵام پێویستە ئێمە کوردبوونیان لێبکەینە ژەھر و ناچار بە نۆشینیان بکەین، بۆ ئەوەی ھەڵگرانی کولتووری دووڕوویی ئایینی و فاشیزم و داگیرکاری چیتر لە خێروباری ھەمان خاک و ئاو نەخۆن و جوێنیشی پێبدەن. ھەڵبەت کاتێک من ئەم زنجیرە وتارانە دەنووسم و تیایاندا بیر لە کوردبوونم دەکەمەوە، تەواو نائومێدم لەو ڕەوتە سیاسییەی کە بانگەشەی کوردبوون دەکات و کەچی ھەر بۆخۆیشی داڵدەی کولتووری نیفاق و دووڕوویی داوە. ئەوەی لە ڕاستیدا زەمینەی بۆ سووکایەتیکردن بە کوربوون ڕەخساندووە، ئەو حزبەسیاسییانەی ئێمەن کە ڕووکەشانە گوتارێکی کوردایەتی ڕادەگەیەنن، بەڵام ئەوەی کوردبوونێش بێت بۆیان گرنگ نییە. یەکێک لەو بەڵگانەش کە فەشەلی ئەم گوتارە درۆزنایەی کوردایەتی ئاشکرا دەکات، سپاردنی زمانی کوردییە لە کەرتی تایبەت و قوتابخانە تایبەتەکان و ئەو ھەموو بێڕێزییە زۆرەیە کە لە نامە فەرمییەکانی حوکوومەت و حزبەکاندا بە زمانی کوردی دەکرێت! ھەر کات سیستەمێکی سیاسیی زمانی نەتەوەیی بە کەرتی تایبەت سپارد، بەمانای ئەوەیە گرنگترین بەشی پێکھاتەی شوناسی نەتەوەیی خستۆتە پەراوێزەوە. ئێستە لەم ھەولێری پایتەختە بە دەیان کافتریا و شوێن ھەن، ئەگەر ئینگلیزی نەزانیت و بە کوردیی قسە بکەیت بە کەسێکی ناشارستانی و کەم و ئاستنزم تەماشات دەکرێت.

کێشەکە:
٢. ئێمە لە سەردەمێکی ڕەشبینیدا دەژین. ڕەشبینی بەشکی نیگامان ئاراستەی ھەنووکە و بەشێکیشی نیگا و ڕوانیمان ئاراستەی ڕابردوو دەکات. لە ھەردوو دۆخیشدا، ئەم ڕەشبنییە واقیعی ھەنووکە و واقیعی ڕابردوومان دەخاتە ژێر پرسیارەوە بەجۆرێ کە لەبەر چاومان بکەوێت.

٣.  شارستانییەتیش لەم نیگا بێزارکەرە بەدەر نییە: چونکە بەشێکی شارستانییەت پەیوەستە بە چالاکییە مرۆییەکانی ئێستا و ھەنووکەوە و بەشێکیشی پەیوەستە بە چالاکییە مرۆییەکانی ڕابردوومانەوە. بۆیە بێزار بوون و بە سووک ڕوانینە ھەنووکە و ڕابردوو، کاریگەرییشی دەبێت لەسەر بەشە ھەرە گرنگەکەی شارستانییەت، کە پەیوەندیی ھەیە بە داھاتووەوە. بەمجۆرەش، مرۆڤ لە ناو ڕۆشنبیرییەکی بێزارکەر و ڕەشبینانەدا، نەک ھەر ڕابردوو و ئێستای لەدەست دەدات، بەڵکو ویستیشی بۆ دروستکردنی داھاتوو لاواز و سست دەبێت. لێرەدا ئەو گوتە کاریگەرەی بیرمەندی ئیتالیایی، (ئەنتۆنیۆ گرامشی) بەبیر دەھێنمەوە کە نووسیویەتی: "من بڕوام بە بەدبینی ڕۆشنبیرانە و گەشبینی ئیرادە ھەیە" (سیوەیلی: نووسین و بەرپرسیاری، ل: ١٥٧). لەم گوتەیەدا ویست و ڕۆشنبیری کراونەتە دوو پێگەی جیاواز بۆ ھەڵسەنگاندن: کاری ڕۆشنبیری ڕەخنەکردن و دەربڕینی ئەو بێزاریەیە،‌ کە ھووشیاریی مرۆیی لە ئاست واقیعدا ھەیەتی. ئاگایی مرۆڤ لە ڕەخنەدا ھەمیشە بە بێزارییەکی ڕەشبینانە دەگات، چونکە پنتی جیاوازی ھووشیاریی ڕۆشنبیرانە و ھووشیاری گشتیی و عامییانە لەوەدایە،‌ کە ڕۆشنبیری ڕەخنەیی ھەردەم ناکۆکە لەگەڵ واقیعدا. بۆیە ئەم بێزاریی و ڕەشبینییە پێویستە بە گەشبینی ئیرادە ڕووبەڕووی واقیع ببێتەوە تا بیکاتە واقیعێکی شایستە بە ژیانی مرۆیی، کە ئازادی و عەدالەت و ئاسوودەیی بھێنێتەوە بۆ ناو ژیان.

٤. بۆیە زۆر جار لەکاتی بەخۆداڕۆچوون و گللەییدا لە بارودۆخی خۆمان ئەو پرسیارە بە بیرماندا دێت، ئاخۆ ئێمە خاوەنی شارستانییەتین و دۆخی شارستانیانەی ئێمە لە چیدایە؟ بارودۆخی ڕۆژانە و کێشە زۆرەکانی لەلایەک و پێویستیی مرۆڤ بە وەڵامی ئەم جۆرە پرسیارانە،‌ لەولای دیکەوە و خۆھەڵسەنگاندندن و خۆبەراووردکردن بە ئەوانیتر، میللەتانیی دیکە و زۆر بۆشایی دی، کە مرۆڤ لە ژیانی خۆیدا ھەستیان پێدەکات، ھاندەری ئەمجۆرە پرسیارانەن. ئەمەش شتێکی ئاساییە مرۆڤ بە تێڕوانین و بیرکردنەوەی لە ژیان و پێگەی کولتووری و بارودۆخی ھەنووکەیی، کە ھەموویان کەم دەھێنن لەوەی پێیان بگوترێ شارستانیانە، گومانی لە ئاست شارستانیبوونی خۆی و بارودۆخەکەیدا بۆ دروست ببێت و وەڕزیی لەم ھەنووکەیەی تیایدا دەژین و ڕەشبینی لە ئاست کێشە بۆماوەییەکانیدا کە ژیانی واقیعیانەمانی لە خۆیەوە گلاندووە، بگاتە ئەو ئەنجامەی بەخۆی بڵێت: ئەمە دۆخێکی شارستانیانە نییە و ئەنجامی نەبوونی فۆرمێکە لە شارستانیەت.

٥. وەڵامی لەمجۆرە، وەڵامێکی حازر بەدەستە و بەھیچ شێوەیەک ناتوانێت ئەو کەلێنە لە شوناسی مرۆڤدا پڕ بکاتەوە، کە سەبارەت بە شارستانییەت و نەبوونی ھەستی پێدەکات. ئەم وەڵامە ھێندەی ئەوەی وەڵامێکی بابەتیانە بێت لە ئەنجامی ھەڵسەنگاندنی ورد و گشتێنراوەوە، وەڵامێکی پەرچەکرداریانەی حازر بەدەستە،‌ کە نە دەتوانێت سەلێمنەری نەبوونی شارستانیەت بێت، نە توانایشی ھەیە ھزر و ئەقڵی مرۆڤ بۆ گەڕان بە شوێن وەڵامیی شیاوی دیکەدا دنە بدات، کە لەو ڕەشبینیە بیھاوێتە دەرەوە..

تێبینی: نیگارەکان بەرھەمی خاتوونی ھونەرمەند: (زەھرا دۆگان)ی دیاربەکرین، کە ماوەی دوو ساڵی لە زیندانەکانی ئەردۆگانی فاشیستدا بردەسەر.


ڕیکلام