سامان کەریم: هەندێک جار بۆ ماوەی 51 کاتژمێر، بێ پشوودان سەرقاڵی وەرگێڕان بووم

  2021-02-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە نوێترین کارەکانییدا هەردوو ڕۆمانی (کتێبی ڕەش و ژیانی نوێ)ی (ئۆرهان پامۆک)ی لە تورکییەوە کردوونەتە کوردی.

ئا: داستان

سامان کەریم هونەرمەند و وەرگێڕێکی کوردە، ژەنیاری ئامێری گیتارە و هاودەم کاری وەرگێڕان لە زمانی تورکییەوە بۆ کوردی دەکات، لە موزیکدا بە شێوازی (فلامینکۆ) دەژەنێت، لە بواری وەرگێڕانیشدا کتێبەکانی نووسەری خاوەن نۆبێڵی تورک (ئۆرهان پامۆک) دەکاتە زمانی کوردی، بۆیە لەم دەرفەتەی (تۆڕی هەواڵی ژیان)دا بەڕێزیان تایبەت بە چەند لایەنێکی وەرگێڕان دەدوێنین:

سەرەتا دەربارەی کاتەکانی لە بواری وەرگێڕاندا وتی: کاتێک سەرقاڵی کاری وەرگێڕان دەبم، وەک ئەو دەمانەی بە هەستێکی منداڵانەوە گیتار دەژەنم، دنیا لە بیر دەکەم." دەمەوێت ئەوە بڵێم، "تەنها شتێک لاسایی نەکرێتەوە، ڕاستگۆییە،" تاکو بتوانم ڕاستگۆییانە مامەڵە لەگەڵ کاری وەرگێڕاندا دەکەم و ناتوانم ڕاستگۆ نەبم، چونکە پانتاییەکی فراوانی لە ژیانمدا داگیر کردووە. دەتوانم بڵێم، وەک چۆن خاوەنی ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە بەڕێز، هەژار مەجید و زۆربەی خوێنەرانیش هەستیان پێ کردووە، کاتێک بۆ یەکەم جار لەساڵی ٢٠١٧دا لەگەڵ پاموکدا یەکتریمان بینی، هەستی بەو ڕاستگۆییە کردبوو، بۆیە بۆ جاری دووەم بانگهێشتی کردمەوە و پێکەوە بۆ ماوەیەکی درێژ گفتوگۆمان کرد و تاکو ئێستاش پەیوەندیمان هەیە.

پاشان لە بارەی دونیای وەرگێڕان و ئارەزووی ئەو بۆ ئەو کارە وتی: لەڕاستیدا دنیای وەرگێڕان، هەم دنیایەکە ئارەزووم لێیەتی و سەنگینی بە ئاسوودەییەکەی ناخم دەبەخشێت، هەمیش کاتێک سەرقاڵی وەرگێڕان دەبم، وەها هەست دەکەم، گەشتگەلێکی قووڵ بۆ ناو دنیای مرۆڤایەتی دەکەم. وەک دەزانن ماوەی چەند ساڵێکە بەهاوبەشی لەگەڵ ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە، دەستم بە پڕۆژەی وەرگێڕانی کارەکانی نووسەری ناودار، "ئۆرهان پاموک" کردووە. تاکو ئێستا حەوت شاکاریم وەرگێڕاوە. دواین کاری وەرگێڕانم، کە لەلایەن ناوەندی ئەندێشەوە چاپ و بڵاو کرایەوە، ڕۆمانی، "جەودەت بەگ و کوڕەکانی" بوو. دوای چاپ و بڵاوبوونەوەی ئەم شاکارە، دەستم بە کاری وەرگێڕانی ڕۆمانی "کتێبی ڕەش" کرد، کە ڕۆمانێکی 'پۆست مۆدێرنە'. هەمیشە دوای ئەوەی کاری وەرگێڕانی شاکارێک تەواو دەکەم، بەبەراورد دەیخوێنمەوە. هیچ کارێکی وەرگێڕانم کەمتر لە حەوت جار نەخوێندووەتەوە. بۆ نمونە، هەم بە تورکی و هەمیش بە کوردییەکەی، نۆ جار ڕۆمانی، "جەودەت بەگ و کوڕەکانی" و یانزە جار ڕۆمانی، "کتێبی ڕەش"م خوێندووەتەوە. هەندێک جار بۆ ماوەی ٤٨ - ٥١ کاتژمێر، بێ پشوودان سەرقاڵی وەرگێڕان بووم. بەتایبەت لە کاتی وەرگێڕانی  "کتێبی ڕەش"دا، بەڵێ وەرگێڕانی ئەو کتێبە ماندووی کردم، بەڵام وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا، لەڕادەبەدەر سەنگینی بە ئاسوودەییەکەی ناخم بەخشی. دوای تەواوکردنی کاری وەرگێڕانی ڕۆمانی، "کتێبی ڕەش،" دەستم بەکاری وەرگێڕانی ڕۆمانی، "ژیانی نوێ" کرد و خۆشبەختانە کۆتاییم بە کارەکە هێنا. کاری هەڵەچنی و دیزاینی هەردوو ڕۆمانەکە تەواوبووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشەوە چاپ و بڵاو دەکرێنەوە .

لە کۆتاییدا ئەو وەرگێڕە باسی لە نوێترین کارەکانی خۆی کرد و وتی: ئێستا سەرقاڵی کاری وەرگێڕانی کتێبی، "ڕەنگەکانی تر"م، کە کتێبێکی قەبارە گەورەیە و بریتییە لە چەند نووسراوێکی هەڵبژاردە و چیرۆکێک. دەتوانم بڵێم، گەیشتوومەتە کۆتایی کتێبەکە و دوای ماوەیەکی کورت تەواوی دەکەم.  دوای کاری وەرگێڕانی کتێبی، "ڕەنگەکانی تر،" دەست بە کاری وەرگێڕانی ڕۆمانە نوێکەی پاموک بەناوی، "شەوانی تاعون" دەکەم. وەک زانیارییەکی نوێ، ئەم ڕۆمانە نوێیەی پاموک، ڕۆمانێکی قەبارە گەورەیە، بە زمانە تورکییەکەی نزیکەی ٥٠٠ پەڕەیە. دواتر چەند زانیارییەک لەبارەی ئەم ڕۆمانە نوێیەوە بڵاودەکەمەوە .



ڕیکلام