کازمی فریای کورد کەوت

  2021-02-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێداچوونەوەی بە پرۆژە یاسای بودجەی 2021 تەواو کرد، تەنیا ماددەیەکی ماوە کە پەیوەندیدارە بە پشکی هەرێمی کوردستان. دوای یەکلابوونەوەی ماددەکەش لیژنەکە کۆبوونەوەی کۆتایی دەکات و پرۆژەکە دەنێرێتەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان.

بۆچوونێکی حکومەتی عێراق لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە خەریکە هەڵوێستی لایەنەکانی شیعەکان نەرم دەکات، چاوەڕواندەکرێت ئەم هەفتەیە پرۆژەکە بخرێتە دەنگدانەوە، ئەو بڕگەیە جێگیر بکرێت کە باس لەوە دەکات هەرێمی کوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی سۆمۆوە بفرۆشێت لە بەرامبەردا 12.67٪ی بودجەی عێراق بە هەرێمی کوردستان بدرێت.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن لە کۆبوونەوەی نێوان مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەندامانی لیژنەی دارایی گفتوگۆی تووند لەبارەی پشکی هەرێم کراوە، کازمی بە ئەندامانی لیژنەکەی وتووە، وەزارەتی نەوت ئامادەنییە و کاتی نییە هەموو  دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، ناکرێت فراکسیۆنەکانی پەرلەمان هێندە پێداگیری لەسەر رادەستکردنی هەموو نەوت بکەن، لە کاتێکدا حکومەت توانای وەرگرتنی نەبێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکە  باسی لەوە کردووە، ئیدارەدانی ئەو هەموو کێڵگە نەوتییانە پێویستی بە کاتێکی زۆر هەیە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە، بۆیە پێویست بەوە دەکات رێککەوتنێکی سەرەتایی بکرێت، ئێستاش باشترین بژاردە لەبەردەمیان وەرگرتنی 250 هەزار بەرمیل نەوتە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە، ئەوەش رێگەیەکی دروست و ئاسانترە و توانای جێبەجێکردنیشی هەیە.

ئەو لایەنە شیعانەی کە مەرجی قورس بۆ رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دادەنێن دواین قسەیان ئەوە کە لەو نەوتەی هەرێمی کوردستان رۆژانە هەناردەی دەکات دوای گێڕانەوەی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتەکە و ئەو بڕەی لەنێوخۆ بەکاردەبرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە هەرێمی کوردستان رادەستی کۆمپانیای سۆمۆی بکات، بەپێی چەند لێکدانەوەیەک ئەوەش نزیکە لە پێشنیازی رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل، چونکە دوای لێدەرکردنی ئەو بڕە لە 460 هەزار بەرمیلەکە نزیکەی 250 هەزار بەرمیل دەمێنێتەوە.

بۆیە زۆربەی ئاماژەکان بۆ ئەوەن پێش ئەوەی پرۆژەکە بنێردرێتەوە بۆ پەرلەمان بۆ پەسەندکردن پێشنیازی 250 هەزار بەرمیل نەوت بەرامبەر 12.67٪ی بودجەی عێراق جێگیربکرێت.

جێگیرکردنی ئەو بڕە یەکلاکەرەوە نابێت بۆ هەرێمی کوردستان، قۆناغە سەختەکە دەکەوێتە کاتی پەسەندکردنی پرۆژەکە لە ناو پەرلەمانی عێراق، بەشێکی زۆری لایەن شیعەکان بەردەوام لەمپەر لەبەردەم پشکی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی دروست دەکەن.

مشتومڕکانی بودجەی فیدراڵی و پشکی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتووەتە 60 دۆلار، حکومەتی عێراق و لایەنە شیعەکان ئەو بەهانەیان نەما کە بڵێن پارەمان نییە بیدەینە هەرێمی کوردستان.

لە پرۆژە بودجەی 2021 نرخی بەرمیلێک نەوت بە 44 دۆلار خەمڵێنراوە، بەڵام ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوت نزیکەی 60 دۆلارە.

ئەگەر رێککەوتنەکە بەو جۆرە لە پەرلەمان پەسەند بکرێت کە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کردوویانە، بەشێک لە داهاتی نەوت و ناوخۆ و نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان بۆ هەرێم دەمێنێتەوە و چیتر هیچ بە هانەیەکی بەدەستەوە نابێت بۆ دواخستن و بڕینی مووچەی فەرمانبەران.


ڕیکلام