وردەکاری پلانی بایدن بۆ وەرگرتنی پەنابەران لە ئەمریکا

  2021-02-10  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، لە هەوڵی ئەوەدایە ٦٢ هەزار و ٥٠٠ لەمساڵدا پەنابەر وەربگرێت، دوای ئەوەی ئیدارەی پێشوو ڕێژەی وەرگرتنی پەنابەرانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە و دایبەزاند بۆ ١٥ هەزار کەس.

بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئیدارەی بایدن بەنیازە ٢٢ هەزار پەنابرە لە ئەفریقا و ١٣ هەزار لە باشوری ئاسیا و ٦ هەزار لە خۆرهەلاتی ئاسیا و ٥ هەزار لە ئەمریکای لاتین و ناوچەی دەریای کاریبی و بە هەزاران لە ئەوروپا و ئاسیای ناوەراست و ١٢ هەزار و ٥٠٠ کەسی دیکە لە چەند ناوچەی جیاواز کە ناویان نەهێنراوە.

لەو پێشنیازانەش کە ئیدارەی بایدن پێشێکەش بە کۆنگرێسی کردووە، روونیکردووەتەوە، پێویستیان بە پێشوازیکردن لە پەنابەری زیاتر لە ١٢ دەوڵەت هەیە، کە دۆخی مرۆییان زۆر خراپە، ئەو هەڵوێستەش بە تەواوی پێچەوانەی پلان و لێکدانەوەکانی ترەمپە لەبەرامبەر پەنابەران، کە گوایە مەترسی و هەڕەشەی ئەمنی و قورسایی لەسەر ئابوری ئەمریکا دروست دەکەن.

ئەو پلانەش لە کاتێکدایە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە ڕۆژی ٤ی ئەم مانگەدا ڕایگەیاند، بەنیازە ژمارەی وەرگرتنی پەنابەران لە ولاتەکەی بەرزبکاتەوە بۆ ١٢٥ هەزار کەس لە ساڵی ٢٠٢١دا.

بە گوێرەی پلانەکەی بایدن بۆ پێشوازیکردن لە پەنابەران، یەکێک لەو وڵاتانەی کە پەنابەرەکانی وەردەگیرێت سوریایە و لەوبارەیەوە ئیدارەی بایدن ڕایگەیاند، هێزەکانی ڕژێمی سوریا کوشتن و دەستدرێژی سێکسی و سیاسەتی برسیکردن و کۆچیپێکردنی بە زۆری لەبەرامبەر هاوڵاتییەکانی پەیڕەو کردووە.

لە ساڵی ٢٠١٦دا ڕێگە درا بە نزیکەی ١٢٦٠٠ پەنابەری سوری بچنە ناوخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، بەڵام لە کۆتا ساڵی ئیدارەی ئۆباما ژمارەکە کەمبۆوە بۆ ٥٠٠ کەس.

هەروەها لە پلانەکەی بایدندا بەدیاریکراوی بایەخ دەدرێت بە پێشوازیکردن لە پەنابەرانی کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی و موسڵمانە ڕۆهینگییەکانی میانمار و کەمینە ئیگۆرییەکان لە چین و چالاکوان و یاساناسانی هۆنگ کۆنگ.

هەروەها لە پلانەکەدا ئاماژە کراوە بە گرنگی پێدان بەو کەسانەی لە وڵاتەکانی ڤەنزویلا و گواتیمالا و سلفادۆر و هیندۆراس و نیکارەگواوە روو لە ویلایەتە  یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەن.

ئەو هەنگاوانەش لە کاتێکدایە ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە سەرۆکی ئەمریکا مەرسومیکی دورکرد بۆ پەلەکردن لە چارەسەری داوای ئەو کەسانەی کە داوای مافی پەنابەرێتیان و کردووە، پێویستە کۆت و بەندەکانیان لەسەر سوک بکرێت.

داواشیکرد پێداچوونەوە بکرێت بە پرۆگرامی وەگرتنی ڤیزا بۆ ئەمریکا، بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە خزمەتیان بە بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە لە عێراق و ئەفعانستان.

لە ساڵی ٢٠٢٠دا ئیدارەی ترەمپ ٤ هەزار داخوازی پەنابەرانی عێراقی وەرگرتووە، بەڵام مافی جێنشینکردن داروە تەنها بە ٥٣٧ کەس.

ئەو بڕیارانەی بایدن دەربارەی پەنابەران بەشێکی زۆری سیاسەتەکانی ترەمپی هەڵوەشاندەوە، بە تایبەت ئەوانەی کە لە ساڵی ٢٠١٩دا دەرچوون و ئاماژە دەکات بە وەرگرتنی رەزامەندی ئیدارە ناوخۆییەکان بۆ پێشوازی لە پەنابەران.

هەروەها بڕیاری پشکینی ئەمنی بۆ پەنابەرانی ئەو ١٠ وڵاتە هەڵوەشاندەوە کە لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاوە ڕوویان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکرد.



ڕیکلام