ئەمساڵ پەتا زۆر کەمبووەتەوە و هۆکارەکەی کۆرۆنایە

  2021-02-10  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیستا لە دووەم هەفتەی مانگی دوو داین و ساڵانی پێشوو لەم کاتەدا پەتا تەنگی بە هاوڵاتیانی ئەمریکا هەڵچنیبوو بەڵام ئەمساڵ جیاوازە. سەنتەری ڕێگریکردن و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، تووشبوون بە پەتا و نەخۆشیە گوازراوەکان زۆر کەمی کردووە.

هەموو ساڵێک نەخشەی تووشبوون بە پەتا لە ئەمریکا لە ناوەڕاستی مانگی دوودا یەک پارچە سوور پیشاندەدات، سوور بەو واتایە دێت کە ژمارەی تووشبوون زۆر بەرزە. بەڵام ئەمساڵ لەم وەرزی پەتایەدا نەخشەکە سەوزی پۆشیوە، کە بە واتای کەمیی یاخود نەبوونی تووشبوون بە پەتا وەرزیەکان دێت.

لینێت برامەر، سەرۆکی سەنتەری ڕێگریکردن و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکان  دەڵێت "لە ئێستادا ئێمە لە هیچ شوێنێکی وڵاتەکەدا بەرزبوونەوەیەکی دیاری پەتا نابینین، لە هەموو شوێنێک زۆر زۆر کەمی کردووە، تووشبوون بە پەتاکان لەم کاتەدا بە شێوەیەک کە پێشینەی نەبووە دابەزیوە، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە ئامارەکان لە چەند مانگی داهاتوودا بەرز ببنەوە."

ئامارەکان جێی سەرنجن، چونکە پار ئەم کاتە لە ئەمریکا تووشبوونێکی ئێجگار زۆر بە پەتا و هەڵامەت تۆمارکرا، سەدەها هەزار کەس بەهۆی پەتاوە سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردبوو، بەڵام ئەمساڵ تەنها ١٥٥ حاڵەتی سەردانیکردنی نەخۆشخانەکان بەهۆی پەتاوە تۆمارکراون لە وڵاتەکەدا، ئەوە جگە لەوەی ساڵی پار تا مانگی دوو ٧٨ حاڵەتی مردنی منداڵان بەهۆی پەتاوە تۆمارکرابوون، بەڵام ئەمساڵ تەنها یەک حاڵەتی مردنی منداڵ هەبووە لەو وڵاتەدا.

 هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئەو ڕێکارانەی دەگیرێنەبەر بەرامبەر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەمان کاتدا ڕێگری دەکەن لە بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزا و ڤایرۆسەکانی دیکەی کۆئەندامی هەناسە، چونکە شێوازی گواستنەوەیان هاوشێوەیە، هەموویان لە ڕێی دڵۆپەی بچووکەوە دەگوازرێنەوە کە لە کاتی کۆکە و پژمە و قسەکردن و تەنانەت هەناسەشدا بڵاو دەبنەوە.

ئەمە هەواڵێکی خۆشە چونکە پزیشکەکان ترسی ئەوەیان هەبوو لە زستاندا هاوڵاتیان لە هەمانکاتدا تووشی پەتا و کۆرۆنا ببن. ئەمەش هەم نەخۆشیەکی زۆر قورستری لێدەردەچوو، هەم دەبووە بارگرانیەکەی زیاتر لەسەر سیستەمی تەندروستی، کە خۆی بەبۆنەی کۆرۆناوە لە ژێر فشاردایە.

پاراستنی دووری کۆمەڵایەتی، بەستنی ماسک و دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵغ و شووشتنی دەست بە بەردەوامی نەک تەنها لە کۆرۆنا بەڵکو لە پەتاکانی دیکەش دەتپارێزێت.

سەنتەری ڕێگریکردن و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکان لە ئەمریکا پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی، هەموو کەسێک لە سەروو ٦ مانگیەوە دەبێت کوتانی پەتا وەربگرێت، تا ئەو ڕێژە کەمەش نەمێنێت و لە ئەگەری بوونی نیشانەکاندا نەخۆش بە گومان نەبێت لەوەی کە توشی پەتای وەرزی بووە یان کۆڤید-١٩.

تا ئێستا دیار نییە کە تووشبوون بە پەتا وەرزیەکان بەو ڕێژەیە ڕووی لە کەمی کردووە یان نا.

 دکتۆر نەورۆز عوسمان لێپرسراوی نەخۆشییە گوازراوەکان لە سلێمانی لەبارەی ئەمەوە لە لێدوانێکدا بە تۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند " لەبەر ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا بە پێی پێویست پەیڕەوی ڕێکارەکانی خۆپارێزی ناکرێن و لە هەمانکاتیشدا خەڵک لە سەردانیکردنی نەخۆشخانەکان دەترسن لە ئێستادا، بۆیە ئامارێکی دروستمان لەبەردەستدا نییە."

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا بەڕێوەیە و ئەم کەمبوونەوەی بەدیدەکرێت لە ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنادا هەروا بەردەوام نابێت و بابەتەکە تەنها ئەوەیە کۆرسی ڤایرۆسەکە تەواو بووە و پەیوەندی نییە بە هەبوونی بەرگری گشتییەوە کە زۆر کەس بانگەشەی بۆ دەکات.

 



ڕیکلام