پارتی وەڵامی کەجەکەی دایەوە

  2021-02-11  | 
دۆسیە:  پارتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی کەجەکەی دایەوە و ڕایگەیاند پارتی هیچ پەیوەندییەکی بە ناکۆکی و گرژییەکانی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیاوە نییە.

مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، لەبارەی شەڕ و گرژییەکانی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا، کەجەکە لە بەیاننامەیەکیدا کەوتووەتە بڵاوكردنەوەی قسەی بێ بنەما و تۆمەتبەخشینەوە لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان.

وتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوەشکردووە، پارتی هیچ پەیوەندیی بە ناكۆكی و گرژییەكانی نێوان ئەو دوولایەنەوە نییە. لە ڕاستیدا، ئەوە پەكەكەیە كە دەستی سوپای توركیای ڕاكێشاوەتە ناو هەرێم و ئاڵۆزی و تێكدان و ناسەقامگیری بۆ هەرێم گواستووەتەوە. كە پەكەكە شەڕی توركیای لەناو خاكی توركیادا نەكردووە و بەردەوام لە هەڵاتندایە و خەڵكی تر بە دوای خۆیدا ڕادەكێشێت.

لە بەشێکی تری ڕوونکردنەوەکەدا وتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوەکردووە "پارتی پەیوەندیی بەم شەڕانەوە نییە و، هیچ ڕێگەشی لە پەکەکە نەگرتووە كە شەڕ بكات یان نا. کە شەڕیان پێ ناکرێ و هەر لە هەڵاتندان هیچ خەتای پارتی نییە و با واز لەو تۆمەتە بێ بنەمایانە بهێنن. پەکەکە خۆی باش دەزانێ کە ئەگەر پارتی بە ڕاستی دەستی لەو شەڕانەدا هەبووایە، پەکەکە لە دۆخێکی خراپتردا دەبوو".

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا وتەبێژی پارتی ڕایگەیاندووە، باشترین چارەسەری بۆ ئەو ناسەقامگیرییە ئەوەیە كە پەكەكە بەڵای خۆی لە كۆڵی هەرێمی كوردستان بكاتەوە و چیتر نەبێتە هۆی ناسەقامگیری و تێكدانی ژیانی هاووڵاتیانی هەرێم.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمپا جڤاکێن کوردستان- کەجەکە ڕایگەیاند، یەکەمجارە سوپای داگیرکەری تورکیا لە زەمینەوە سەربازی ناردووە بۆ شەڕ دژی پەکەکە لە چیای گارە و بە ڕەزامەندی پارتی دیموکراتی کوردستان هێرشەکە بەڕێوەدەچێت .

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرجەم جموجوڵەکانیش لە شارۆچکەى باکرمانی سەر بە قەزای ئاکرێ لە باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.



ڕیکلام