تەندروستی هەرێم هۆشداریدا لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بەشێوەیەکی خێراتر

  2021-02-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان هۆشداریدا لە دووبارە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی خێراتر و مەترسیدار، بە تایبەت دوای بڵابوونەوەی زنجیرەی نوێی کۆرۆنای نوێ لە زۆربەی وڵاتان.

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە و کردنەوەی هەموو شوێنەکانی کەرتی گشتی و تایبەت و کۆبوونەوەی ڕۆژانەی خەڵك و كردنەوەی مۆڵ و چایخانە و چێشتخانە و شوێنە گەشتیاریەكان و مزگەوت و گەشت کردن و زۆر شوێنی تر، بەڵام بەداخەوە ڕێنماییەكانی تەندروستی لە زۆربەی شوێنەكان وەك خۆی جێبەجێ ناكرێ بەتایبەتی بەكارهێنان و بەستنی ماسك و لێکدوورکەوتنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ كەمبوونەوەی رێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا کە ڕێکارەکان و خۆپارێزی هۆکاری سەرەکی بووە، بەڵام هەستێك لەلایەن هەندێک لە هاونیشتیمانیان وا دروستبووە گوایە نەخۆشی كۆرۆنا نەماوە و گوایە كۆمەڵگا بەرگری بەکۆمەڵ و بەگشتی دروستبووە دژی ئەم ڤایرۆسە بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەكی زانستی پشتڕاستی بكاتەوە.

وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتیان دەكات پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی بن بۆ ئەوەی بەكەمترین زیان و بە هاوكاری هەموولایەك ئەم دۆخە تێپەڕێنرێت بە سەلامەتی.

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا وەزارەتی تەندروستی سوپاسی پزیشكان و كارمەندان و فەرمانبەرانی تەندروستی کردووە، كە لە هێڵی پێشەوەی رووبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دان، هەروەها ڕۆلی هێزەکانی ناوەخۆ و دەزگاکانی میدیا و ڕاگەیاندن و لایەنە پەیوەندارەکان و مامۆستایانی ئایینی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەرز نرخاندووە لەهۆشیاركردنەوە و جێبەجێكردنی رێكارەكانی خۆپارێزی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا.



ڕیکلام