چیرۆکی بردنی دوو ملیۆن دۆلاری خەڵکی هەولێر لەلایەن بازرگانێکی تورکەوە

  2021-02-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دیسانەوە بابەتێکی هاوشێوەی سڵێمان هەڵشۆیی و بردنی پارەی هاوڵاتیان و ئیفلاسکردن بوو بە بابەتی رۆژ و باسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

ئەمجارە کەسێک بەناوی کەنعان کایە کە خەڵکی تورکیایە و ماوەی 12 ساڵە لە هەولێر نیشتەجێیە، بەناوی فرۆشتنی مۆڵ و بەناوکردنیان دوو ملیۆن دۆلاری ژمارەیەک هاوڵاتی بردوە و گەڕاوەتەوە بۆ تورکیا و  دەڵێت ئیفلاسم کردووە.

ئەو کەسانەی مامەڵەیان لەگەڵ ئەم بازرگانە کردوە، هەندێکیان پارە  و هەندێکیان ئۆتۆمبیلیان پێداوە، ئەو دووکەسەش کە نوێنەری کەنعان کایەن دەڵێن چەندین ساڵە ئەیناسن و متمانەیان پێ بووە، ئەگەر نەگەڕێتەوە کێشەی کۆمەڵایەتی دروستدەبێت.

لەبارەی کێشەکەوە نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر دەڵێت ئەو كەسانە سكاڵایان لە پۆلیسی عەنكاوە تۆماركردووە و ئێمەش هەر بڕیارێك لە دادگاوە بدرێت جێبەجێێی دەکەین.

ئەم جۆرە مامەڵانە چەندین ساڵە لە کوردستان بوونی هەیە بەڵام ماوەیەکە زیاتر لە جاران ڕوودەدات و ئاشکرادەبێت و ئەنجامەکەشی هەمووی یەک شتە، کەسی بازرگان و هەڵسوڕێنەری کارەکە، یان هەڵدێت یان دەڵێت ئیفلاسی کردوە، ئەوانەشی مامەڵەیان لەگەڵ کردوە دەستیان لەبنی هەمانەکەوە دەردەچێت.

ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە بێ دەنگی و خۆ بەبەرپرسیار نەزانینی حکومەتی هەرێم و دامودەزگاکانێتی لەئاست دۆسیەکاندا، چونکە ئەرکی حکومەتە بێتە ناو کێشەکەوە و وردەکاری ئاشکرابکات و خەڵک هۆشیاربکاتەوە، بەڵام سەرەڕای چەند بارەبوونەوەی ئەم بابەتە و بردنی بەسەدان هەزار دۆلاری هاوڵاتیان هێشتا هیچ بەرپرسێکی حکومەت نەهاتۆتە سەر خەت.


ڕیکلام