ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا ترەمپی بێ تاوان ناساند

  2021-02-14  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکای بێ تاوان ناساند و بێبەری کرد لە تۆمەتی "هاندانی یاخیبوون" دوای ئەو کارە توندووتیژیانەی کە ژمارەیەک لە لایەنگرانی ترەمپ چوونە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس لە ٦ی کانونی دووەمی ڕابردووەوە.

لە دەنگدانەکەدا ٥٧ ئەندامی کۆنگرێس ئیدانەی ترەمپیان کرد، لە بەرامبەر ٤٣ کەسیش رەتیانکردەوە، ئەوەش بە مانای ئەوەیە زۆرینەی سێ یەکی دەنگیان نەدا بۆ تۆمەتبارکردنی و دواتریش دادگاییکردنی.

لە کۆی ٥٠ ئەندامی کۆماریەکان تەنها ٧ کەسیان دەنگیدا لەسەر تۆمەتبارکردنی ترەمپ.

دوای دەنگدانەکەش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا خۆشحاڵی بە بڕیارەکەی کۆنگرێس دەربڕی و ڕایگەیاند، جوڵانەوە سیاسییەکەی لە ئێستاوە دەستپیدەکات.

ترەمپ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "جوڵانەوە مێژوویی و نیشتیمانییە جوانەکەمان وا دەکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووبارە مەزن بێتەوە و لە ئێستاشەوە دەستی پێکرد".

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند مانگی داهاتوودا زۆر شت دێتە پێشەوە کە بەشداری بکات، بۆیە پێکەوە کاردەکەن بۆ بەدیهێنانی گەورەیی ئەمریکا و بۆ هەموو گەلەکەی بە گشتی.

لەلایەن خۆشیەوە "میچ ماکونیل" سەرۆکی زۆرینەی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیران، سەرباری بێتاوانبوونی ، رەخنەی توندی ئاراستەی ترەمپ کرد و ڕایگەیاند، ئەو بەرپرسیارە لە دەستدرێژی ڕۆژی ٦ ی کانوونی دووەمی ڕابردوو.

لە وتەیەکدا ڕایگەیاند "هیچ گومانی تێدا نییە سەرۆک ترەمپ بەرپرسی کرداری و مۆراڵییە لە بەرپابوونی روداوەکەی ئەو ڕۆژە".

لە لایەکی ترەوە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا دەربارەی بێتاوانکردنی ترەمپ لە ڕوداوەکانی هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس ڕایگەیاند، ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی ترەمپ کراوە هیچ دوودڵی و ناکۆییەکی لەسەر نییە، دەستدریژییەکان دەریدەخات "دیموکراسیەت لەرزۆکە".

لەو بارەیەوە بایدن ڕایگەیاند "لە کاتێکدا دەنگدانی کۆتایی پشتیوانی تۆمەتبارکردنی ترەمپی نەکرد، بەڵام کرۆکی تۆمەتبارکردنەکە هیچ ناکۆکی و گومانێکی لەسەر نییە".

سەرۆکی ئەمریکا وتی "ئەو روداوانە لە مێژووی ئەمریکا، ئاماژەیە بۆ ئەوەی دیموکراسیەتەکەمان لەرزۆکە، بۆیە دەبێت بەرگری لێبکەین و هەمیشە بە ئاگابین".



ڕیکلام