پاریس بۆ تۆڵە و بەرشەلۆنە بۆ خۆسەلماندن یاری دەكەن

  2021-02-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەم شەو بەرشەلۆنە و پاریس سانجێرمان بە دوو راهێنەری نوێوە روبەڕووی یەكتری دەبنەوە و هەردوو یانەی چەند یاریزانێكیان توشی پێكان بووە، بەڵام راهێنەرەكان ئامادەیی خۆیان راگەیاند بۆ یاریەكە.

 
ئەمشەو كاتژمێر 11 بەكاتی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا (چامپیۆنز لیگ) هەریەكە لە یانەی بەرشەلۆنە و پاریس سانجێرمان روبەڕووی یەكتری دەبنەوە. 

پێش یاریەكەی ئەمشەو  پۆچیتینۆ، ڕاهێنەری ئەرجەنتینی  یانەی پاریس سان جێرمان وتی: لە ڕاستیدا ئەوە یاریەكی زۆر تایبەتە، كاتێك من 40 ڕۆژ لەمەوبەر گرێبەستم لەگەڵ پاریس ئیمزا كرد بە دڵنیاییەوە هەستم دەكرد ئەم بەروارە دەبێتە كاتێكی گرنگ. ئامانجێكی پاریس ڕوونە بۆ بردنەوەی چامپیۆنز لیگ هەوڵدەدەین و لەو بەرپرسیارێتییە تێدەگەین. 

هەرچی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانیە، پێكهاتەیەكی سەرەتایی داڕشتووە بەڵام هەریەكە لە ئاراوخۆ، سێرجی رۆبێرتۆ، كۆتینیۆ و ئانسۆ فاتی بەهۆی پێكانەوە یاری ناكەن، بەڵام لە دواین هەواڵی میدیاكانی ئیسپانیدا باس لەوە دەكرێت جیرار پیكێ، دوای بەشداریكردنی لە مەشقەكانی كردووە و بانگیش كراوە بۆ پێكهاتەی یاریەكەی ئەمشەو. 

لەبەرامبەردا یانەی پاریسی فەرەنسی لە هێڵی هێرشبەریدا كێشەی هەیە و هەریەكە لە دیماریا، نەیمار، عەبدو دیالۆ، داگبا، خوان بێرنات، بەشداری ناكەن و هاوشێوەی پێكی پزیشكەكان رێیانداوە ڤیراتی یاری بكات. 

هەردوو راهێنەر لە یانەكەیاندا نوێن و روبەڕووی یاریەكی قورس دەبنەوە كە بۆیان تاقیكردنەوەیەكی قورسە، هەردولاش رایان گەیاندووە كە ئامادەن بۆ ئەنجامدانی یاریەكە و هیچ یەك لە راهێنەرانی تیپەكە ترسیان لە یاریەكە دەرنەبڕیوە. 

پێش یاریەكە بۆ تێكشكاندی ورەی بەرشەلۆنە میدیاكانی فەرەنسا باسیان لە گواستنەوەی میسی دەكرد بۆیانەكە بەڵام بەرشەلۆنە هەرزوو وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە، رایگەیاند كە ئەوە بۆ تێكشكاندنی ئیرادەی یانەكەیانە. 

بەرشەلۆنە لەم قۆناغەدا سێ جاری دیكە یانە پاریسەكەی كردووەتە دەرەوە و ئەمەش بۆی بووەتە مۆتەكەی شكستی بەتایبەت كاتێك بیری ریمۆنتادا گەورەكەی بەرشەلۆنەی دەكەوێتەوە كە لە ساڵی 2016 بۆ 2017 بە ئەنجامی شەش گۆڵ بەرامبەر یەك گۆڵ شكستی پێهێنا. لەو بارەیەوە راهێنەری پاریس دەڵێت "ئەوەی لە 2017 ڕوویدا لە یاریگای كامپ نو لە مێژوودا دەمێنێتەوە ناتوانین مێژوو بگۆڕین". 

لەبەرامبەردا رۆناڵد كۆمان، راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە، لەبارەی خاڵی لاوازی یانەكەی رایگەیاند: ڕاستە هەڵەی بەرگریكارمان هەیە، بەڵام بۆ یاریی پاریس ئامادەین و یاریزانەكان دەزانن چۆن بەرگریی دەكەن. 

ئەو راهێنەرە وتیشی: بەدڵنیاییەوە پاریس دەیەوێت كۆنترۆڵی یاریگا بگرێتە دەست، ئێمەش دەمانەوێت تۆپمان لابێت و هەلی گۆڵ دروست بكەین، بەرامبەر زۆربەی یانەكان هەلی گۆڵمان هەبوو تەنانەت بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید و ئەتلەتیكۆمەدریدیش. 

یاریەكە لە یاریگای كامپنوی یانەی بەرشەلۆنە ئەنجام دەدرێت و هاندەران تیایدا بەشداری ناكەن، ئەو یاریە لەلایەن ناوبژیوان بیورن كیوبیرسی تەمەن 47 ساڵی هۆڵەندی بەرێوە دەچێت. 


ڕیکلام