ئێران: لە 10 مانگدا بە بەهای 6.5 ملیار دۆلار کەلوپەلمان هەناردەی عێراق کردووە

  2021-02-20  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمینداری گشتی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران – عێراق ڕایگەیاند، لە ماوەی ١٠ مانگدا، تاران بە بەهای ٦.٣ ملیار دۆلار کەلوپەلی هەناردەی عێراق کردووە.

حەمید حسەینی ئەمینداری گشتی ژووری هاوبەشی بازرگانی  ئێران – عێراق ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەناردەی کەلوپەلی خۆراکی ئێران بۆ عێراق تا ڕادەیەک کەمبووەتەوە لەچاو ڕابردوودا، بە تایبەت لە هەمان ماوەدا لە ڕابردوودا بڕەکەی ٧ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بووە.

ڕوونیشکردەوە، هیچ کێشەیەکی ژێرخانی ئابورییان نییە لە بواری بازرگانی لەگەڵ عێراقدا، لە ئێستادا ١٨ دەروازەی سنوریی هەیە بۆ گواستنەوە و ئاڵوگۆڕکردنی کەلوپەل لەگەڵ عێراقدا.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانی ئەو لێپرسراوەی ئێران جەختیکردەوە، لە ئێستادا عێراق ڕووبەڕووی کێشەی ئابوری بووەتەوە، ئەویش بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی نەوتەوە، کە لە ئێستادا ڕێژەی داهاتەکەی کەمبوونەوە بۆ ٣ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا.

لە کۆتایی وتەکانیدا ئەمینداری گشتی ژووری هاوبەشی بازرگانی  ئێران – عێراق ڕایگەیاند، ئەو ماوەیە کە دەستنیشانکراوە، درێژ دەبێتەوە لە نێوان ٢٠ مانگی ئازاری ٢٠٢٠ تا ٢٠ کانوونی یەکەمی ٢٠٢١.



ڕیکلام