تورکیا دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ پەرلەمانتارێکی کورد کردەوە

  2021-02-21  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەسەڵاتدارانی تورکیا دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوەیان بۆ پەرلەمانتارێکی کوردی ئەو وڵاتە کردووەتەوە، بە گومانی سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان.

نوسینگەی داواکاری گشتی لە ئەنکەرە ڕایگەیاند، دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوەیان کردووەتەوە بۆ (دیریت دیلان تاسدەمیر) پەرلەمانتاری هەدەپە سەبارەت بە پەیوەندی بەڕێکخراوێکی تیرۆریستییەوە، کە مەبەستی پەکەکەیە.

لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا سولەیمان سۆلیۆ وەزیری ناوخۆیی تورکیا ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دیموکراتیکی گەلانی تۆمەتبار کرد، بە سەردانیکردنی ناوچەی گارە لە هەرێمی کوردستان، کە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ئۆپراسیۆنێکی سوپای تورکیای بەخۆیەوە بینی و شەڕی سەخت لە نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکەدا هاتە ئاراوە.

وەزیری ناوخۆیی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، پارتی دیموکراتیکی گەلان – هەدەپە پارتی ڕێکخراوی تیرۆریستییە و نوێنەرەکانیشیان بارمتەی پەکەکەن.

هەفتەی ڕابردوو تورکیا پەکەکەی تۆمەتبار کرد بە کوشتنی ١٣ سەرباز و ئەندامی هێزە ئەمنییەکان، کە ماوەی ٤ ساڵ بوو لەلایەن پەکەکە دەستبەسەربوون، بەڵام پەکەکە ڕایگەیاند، ئەو زیندانیانە بە بۆردومانەکانی تورکیا لە زیندانەکەیاندا لە چیای گارە کوژراون.

لەم هەفتەیەشدا رەجەب تەیب ئەرۆدغان سەرۆک کۆماری تورکیا، هەدەپەی تۆمەتبار کرد بە ڕووی سیاسی پەکەکە، دەستگیرکردنی دەیان پەرلەمانتار و سەرۆکی شارەوانیەکانی دوودڵی و نیگەرانی بۆ وڵاتانی خۆرئاوا دروستکردووە.



ڕیکلام