هێزی پێشمەرگەی ئەمریكیش دروستبوو

  2021-02-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جاران پێشمەرگە تەنها سەر بە یەكێتی و پارتی بوون، بەڵام ئێستا پێشمەرگەی یەكێتی و پارتی و پێشمەرگەی ئەمریكاش هەیە.

ئەگەر پێشمەرگەیەك سێ كەوگیری پڕ لە برنجی بەركەوێت، مانای وایە سەر بە ئەمریكایە و نانی كەوتە ڕۆنەوە، ئەگەریش بەشەكەی تەنها نیو كەوچك برنج بێت، مانای وایە سەر بە هێزەكانی حەفتا و هەشتایە.

بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەش لەم توڕەییەی هێزەكانی حەفتا و هەشتا ئاگادارن، بەو پێشمەرگانە دەڵێن، موچەی ئێوە لە ئێمە باشترە، ئێوە لەسەدا 20 لە موچەكانیان بڕاوە، بەڵام ئێمە لەسەدا 60ی موچەكانمان دەبڕن.

ئەم بابەتە، واتە پێدانی سێ موچە پێكەوە و بەبێ لێبڕین بە لیوا هاوبەشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە لەلایەن ئەمریكاوە، حكومەت و وەزارەتی پێـشمەرگەشی خستۆتە بەردەم بەرپرسیاریەتیەكی گەورە، كە ئایا دەتوانن كێشەی لێكترازان و جیاوازی هێزەكانی پێشمەرگە چارەسەربكەن یان نا؟

جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم كە هاوكات فەرماندەی فعلی هێزەكانی حەفتابوو، لە نیو خولەكدا دوو قسەی جیاواز دەكات، لەلایەك دەڵێت، هیچ ڕێگرییەكی وا نەبووە لەبەردەم یەكخستنەوەی هێزەكان، لەلایەكی تریش دەڵێت، تائێستا سەركردایەتی پارتی و یەكێتی ئۆكەیان نەكردووە.

بەڵام لێرەدا كێشەیەكی قوڵتر هەیە، وەزارەتی پێشمەرگە تەنها لە ڕووی موچە و پارەوە تەماشای بابەتەكە دەكات، ئەوەتا وەزیری پێشمەرگە داوا لە ئەمریكا دەكات موچەكە سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگە بگرێتەوە نەك تەنها لیوا هاوبەشەكان.

لە كاتێكدا پێدانی موچە و ڕاهێنان و پڕچەككردنی هێزی سەرەكی هەر وڵاتێك، لەلایەن وڵاتێكی ترەوە گەورەترین مەترسییە، ئەمە مانای وایە چیتر جوڵەی هێزەكانی پێشمەرگە لە كۆنترۆَڵی حكومەتدا نابێت، ئەمریكا یان هەر وڵاتێك كە پارە دەدات، دەبێتە خاوەنی ڕاستەقینە و لە هەر شەڕێك بیەوێت بەشداری پێدەكات.

تۆ تەماشای سوپای میسر بكە، بەهێزترین سوپای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بەڵام لەبەرئەوەی ساڵانە ملیارێك 500 ملیۆن دۆلار لە ئەمریكا وەردەگرێت، تەنانەت دەسەڵاتی بەسەر ناوچەكانی سینادا نییە و ئیسرائیل بە ئارەزوو تەراتێنی تێدا دەكات.

جیاوازیكردن لەنێوان موچەی پێشمەرگە لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ یەكنەگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە كەماوەی 16 ساڵە و لە سەرەتای یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانیەوە بانگەشەی بۆ دەكرێت و جگە لەو 14 لیوایە لیواكانی دیكە یەكنەخراونەتەوە.

 لەڕاستیدا ئەو 14 لیوایەش كە یەكخراون هەر لەسەر بنەمای حزبی رێكخراون، بۆ نمونە ئەگەر فەرماندەی لیوایەك یەكێتی بێت جێگرەكەی پارتیە، ئەمە بۆ سەرجەم پۆستەكانی ناو لیواكان ڕاستە، بەڵام چونكە لەڕووی ئیدارەییەوە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن و داتا و زانیارییەكانیان دروستە، بۆیە هاوپەیمانانن و بەتایبەت ئەمریكا تەنها مامەڵەی فەرمی لەگەڵ ئەم 14 لیوایە دەكات و ئەمان بە سوپای فەرمی كوردستان دەناسێت، هەر بۆیە هاوكارییەكانیشی هەر بۆ ئەمانە.

پێ دەچێت ئەمریكا بە پێدانی سێ موچە پێكەوە بەبێ لێبڕین پەیامی ئەوە بۆ حكومەتی هەرێم و پارتی یەكێتی بدات كە ئەگەر هێزەكانی دیكەش یەكخەنەوە پشتگوێ دەخرێن و لەهەمانكاتێشدا بەم هەنگاوە ناڕەزایی لەناو پێـشمەرگە دروستبكات و حكومەت و پارتی و یەكێتی بخاتە بەردەم ئیحراجیەكەی گەورە، ئاخۆ بۆ دەست لە بەحزبیكردنی پێشمەرگە هەڵناگارن و ڕێگەنادەن یەكبخرێتەوە.

 ئەم جیاوازییە پەرلەمانتارێكی یەكێتی هێنایە دەنگ و دەڵێت پێشمەرگە هەر پێشمەرگەیە عەجەب دەتوانن بەشێكیان موچەی سێ مانگیان بە بێ لێبڕین پێ بدەن كەناویان لیوای وەزارەتە. بەشێكی دیكەیان یەك موچە بەلێبڕینەوە وەربگرێت ناوی لیواكانی70و80یە. بەشێكی تر موچەی مانگانەی تەواو وەربگرێت ناوی پێشمەرگەی سنورە. بەشێكی تر موچەی بێ دواكەوتن وەرگرێت ناوی پێشمەرگەی سەرۆك كۆمارە. بەشێكی تر دەرماڵەی ژن و منداڵی بۆ ببسترێت و بەشێكی دیكە بۆی نەبەسترێت.


ڕیکلام