ئیتلاعاتی ئێران: پیلانێکی تیرۆریستیمان لە پیرانشار پوچەڵکردەوە

  2021-02-25  | 
رۆژهەڵاتی کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رۆژی رابردوو دوو برا بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە گوندێکی شاری پیرانشار کوژران و وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانیش ئەو دوو کەسە بە "تیرۆریست" لەقەڵەم دەدات و دەڵێت، بەنیازبوون کردەوەی "تیرۆریستی" ئەنجام بدەن.

پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە هاوکاری ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای ورمێ و قەرارگای حەمزە، هەوڵی دوو "تیرۆریست" بۆ ئەنجامی ئۆپراسیۆن لە شاری پیرانشار پووچەڵ کراوەتەوە و هەر دووکیان لە پێکدادانێکی چەکداریدا کوژران.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ کوژرانی ئەو دوو کەسە، دوو پارچە چەکی جۆری کڵاشینکۆف و نارنجۆک و هەندێک تەقەمەنی دیکە دەستیان بەسەرداگیراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە ٢٤ی٢ی٢٠٢١، هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، لەسەر رێگای نێوان گوندی "شیناوا" و گوندی "زێدان"ی سەر بە شاری پیرانشار لە پارێزگای ورمێ، بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە، دەسڕێژی گوللەیان لە ئوتۆمبێلێک کردووە کە دوو برای تێدابووە و لە ئاکامدا هەر دوو براکە گیانیان لەدەستداوە.

ئاشکراشیکردبوو، ناوی ئەو دوو برایە "عەبدوڵڵا نادری" و "عوسمان نادری"یە و کوڕی مارف و خەڵکی پیرانشارن.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، دوای ئەو رووداوە، ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار باوک و دایک و چەندین کەسی دیکەی لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو دوو برایە دەستبەسەرکردووە و تاوەکو ئێستاش تەرمی ئەو دوو برایە رادەستی بنەماڵەکەیان نەکراوەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، بە 'تیرۆریست" ناوبردنی ئەو دوو کەسە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە کاتێکدایە کە ئەوان هاوڵاتیی مەدەنی و دانیشتووی شاری پیرانشار بوون.



ڕیکلام