وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٤٠٧٤ کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و ٢٧ کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستدا.
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ ٢٢٧١ کەس لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە ماڵەوە.
بەگوێرەی داتا و زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، لە ئێستادا ڕێژەی چاکبوونەوە ٩١.٧% ی کۆی تووشبوونە، لە کاتێکدا مانگێک لەمەوبەر ڕێژەی چاکبوونەوە گەیشتووەتە لە ٩٨%ی کۆی تووشبوان.
لەوەتەی کۆرۆنا لە عێراقدا بڵاوبووەتەوە، ٦٨٤ هەزار و ٣٦٢ کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ٦٢١ هەزار و ٧١٨ کەس چاکبوونەتەوە.
بە گوێرەی ئەو داتا و سەرژمێریانەی کە وەزارەتی تەندروستی و ژیگەی عێراق بڵاویکردووەتەوە، ١٣٣٥١ کەس بە کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە.