بە تاوانی ئەندامبوون لە ڕێکخراوی داعش، دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕایانگەیاند، ١٢ هاوڵاتی عێراقیان دەستگیر کردووە و لە ئێستادا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیاوە بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ویلایەتی سەقاریا ئۆپراسیۆنێکی لەو ویلایەتە و شاری ئەنقەرە ئەنجامداوە و ئەو ١٢ هاوڵاتییەی عێراقی دەستگیر کردووە.
بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا، یەکیک لە دەستگیر کراوەکان، پۆستی ئەمیری داعشی هەبووە و بەرپرس بووە لە کاروباری ئەمنی ڕێکخراوەکە لە ناوخۆیی عێراق.
پۆلیسی تورکیاش ڕایگەیاند، تۆمەتبارەکان گوێزراونەتەوە بۆ سەرۆکایەتی داد لە ویلایەتی سەقاریا، بە مەبەستی تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و لە ئێستاشدا ئەو ١٢ هاوڵاتییە عێراقییە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر دەستبەسەرن.