لاهور شێخ جەنگی: ئازادی ڕادەربڕین یەکێکە لە دروشمە سەرەکییەکانی یەکێتی

  2021-02-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند ئازادی ڕادەربڕین یەکێکە لە دروشمە سەرەکییەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان.

لەمیانەی کۆبونەوەیەی لەگەڵ کلێمێنس زێمتنەر کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی جەختی کردەوە لەسەر فەراهەمکردنی پانتایی ئازادیی ڕادەربڕین و مامەڵەکردنێکی مەدەنی و شارستانییانە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان لە پێناو پەرەپێدان و بەهێزکردنی پایەکانی ئازادی و دیموکراسی لە هەرێمدا.

لەبارەی رێککەوتنی هەرێم و بەغداشەوە هاوسەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هانی هەردوولا دەدات بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە کە تیایدا پشکی هەرێم لە بودجەدا دیاری بکات و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم زامن بکات و چیتر قووت و بژێویی ژیانی هاووڵاتییانی هەرێم نەکرێنە قوربانیی ململانێ و بەرژەوەندییە تایبەتەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تەنیا بۆ بودجە نییە، بەڵکو فاکتەرێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تر بە تایبەت کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکان، هاوکات قەوارەی هەرێمیش بەهێزتر دەکات .

لەبارەی کێشەی نێوان پەکەکە و تورکیاش لاهور شێخ جەنگی ڕاشیگەیاند یەکێتیی پێی وایە ئەو پرسە بە ڕێگای ئاشتییانە چارەسەر دەکرێت و بژاردەی شەڕ و پەنابردنە بەر ڕێگەی سەربازیی کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات .


ڕیکلام