سۆرانی  |  بادینی  |  English      

جارێكیتر دۆسیەی هالك بانكی توركیا لە ئەمریكا سەرهەڵدەداتەوە

  2021-03-01  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جارێكی دیكە دۆسیەی هالك بانك لە ئەمریكا سەر هەڵدەداتەوە و ئەگەری سزادانی ئەو بانكەش هەیە و سزادانەكەشی كاریگەری لەسەر ناوبانگی سەرۆك كۆماری توركیا دەبێت.

بە تۆمەتی ئەوەی هالك بانكی توركیا ئاسانكاری بۆ ئێران كردووە تا كاریگەری سزاكانی ئەمریكا بەسەر ئێرانەوە كەمبێتەوە دادگاییكردن بەردەوامە و ئەمجارە حكومەتی توركیا بە ئامانجگیراوە. 

بڕیارە دانیشتنێكی نوێی دۆسیەكە لەمڕۆدا یەكی ئازاری 2021 ئەنجام بدرێت، هەرچەندە پێشتر  محەمەد هاكان ئاتێلا، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی هالك بانك، لە دادگای فیدراڵی ناوچەی باشووری نیویۆرك دادگایی كرابوو، لە مانگی ئایاری 2018دا بە 32 مانگ زیندانی سزادرا بوو، بەڵام دوای 28 مانگ لە سزاكەی بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە لەلایەن دادگاوە ئازادكرابوو ئەوەش دوای ئەوەی دادگاییەكەی پێداچونەوەی بۆكرابوو. 

ئاتیلا لە تەمووزی 2019 دا پاش ئەوەی لە زیندان ئازاد كرا گەڕایەوە توركیا، بەڵام دادگای ئەمریكا تا ئێستا كۆڵی نەداوە لەو دۆسیەیە و دەیەوێت ئەوە ڕوون بكاتەوە "ئایا پرۆسەی پەنچەركردنی سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران لە ڕێگەی هالك بانكەوە لەلایەن حكومەتی ئەردۆغانەوە هاوكاری كراوە". 

گۆڤاری دێرشبیگڵی ئەڵمانی لە ژمارەی نوێیدا ئاشكرایكرد، راپۆرتێكی نوێ لەدادگا لەبارەی ئەو دۆسیەیە هەیە و واژۆی هەریەكە لە سەبنم ئارسو، ماكسیمیلیان پۆپ و ئەلیكساندەر سارۆڤیچ-ی لە دادگای نیویۆرك لەسەر كراوە، پێشبینی دەكات زیانی گەورە بە توركیا و ئەردۆغان دەگەیەنێت. 

دێر شپیگل باس لەوە دەكات كە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بە هیچ شێوەیەك لە "دۆسیەی هالك بانك" دا قسەی نیە و چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەكات.

بە گوێرەی ئەوەی پێشبینی كراوە بانكەكە بە بڕی 20 ملیۆن دۆلار سزا بدرێت و لە سیستەمی بانكی نێودەوڵەتی (سویفت)، كێشەی بۆ دروست ببێت كە ئەمەش دەبێتە زەبرێكی قورس لە ئابووری توركیا و دەیگێڕێتەوە بۆ دۆخی ساڵی 2001ی قەیرانی ئابوری توركیا. 

یەكێك لە وردەكارییە هەرە دیارەكانی دۆسیەی دۆزەكانی دێرشبیگل ئەو بانگەشەیە كە ڕەزا زەراب، بازرگانی ئێرانی لە لێكۆڵینەوەی ئێف بی ئایدا ئەردۆغانی تۆمەتبار كردووە، ئەوە جگە لەوەی ئاماژە بە هەوڵەكانی حكومەتی ئەردۆغان كراوە بۆ داخستن و كۆتایی هاتنی ئەو دۆسیەیە. 

دوای دەستگیركردنی رەزا زەراب لە ئەمریكا، ڕودی گیولیانی ڕاوێژكاری ترامپ هاتبووە ئەنقەرە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی وردەكارییەكانی ئەو بابەتە لەگەڵ ئەردۆغان دوای ماوەیەكی كەم، پریت بارارا، داواكاری گشتی و جیۆفری بێرمان، پارێزەری گشتی ناوچەی باشوری نیویۆرك، لەلایەن ترامپەوە لە كار دوورخرایەوە، ئەوەش بووە هاوكاریەكی باش بۆ ئەوەی دۆسیەكە لەسەر توركیا لاواز ببێت.

دێرشپیگل رایگەیاندووە، كە ڕەزا زەراب لە ساڵی 2010دا دەستی كردووە بە گواستنەوەی نایاسایی پارە لە توركیا گۆڤارەكە بە فراوانی باسی وردەكاری تۆمارە دەنگیەكانی دابەشكردنی ملیۆنەها دۆلاری خەزنكراو لە ماڵەكانیاندا كردووە لە كاتی پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و بیلال ئەردۆغانی كوڕیدا.

دێرشبیگل ڕایگەیاند، هەوڵیداوە پەیوەندی بە بەڕێوبەران و بەرپرسانی هالك بانك و حكومەتەكەی ئەردۆغانەوە بكات بۆ ئەو چیرۆكە، بەڵام بەرپرسانی توركیا ڕەتیان كردەوە كە لێدوان لەو پرسەدا بدەن.

بە وتەی دێرشبیگل، ئەردۆغان بەهۆی ئەوەی سەرۆك كۆمارە، پارێزبەندیی هەیە، تەنانەت ئەگەر لە دۆسیەی هالكبانكدا پەیوەندییەكەی سەلمێنرابێت، بۆیە ناتوانرێت تۆمەتێكی بەسەردا بسەپێندرێت لە كاتی دادگاییكردندا، بەڵام ناوبانگی نێودەوڵەتی ئەردۆغان ناشیرین دەبێت.